دایکێک و منداڵەکەی لە بەنداوی زرێبار خنکان

15:35 - 9 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کەوتنە ناو ئاوی ماشێنی هاووڵاتییەکی کورد لە بەنداوی گۆلی زرێبار، دایکێک و منداڵەکەی گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو ئەندامی بنەماڵەیەکی چوار کەسی بە هۆی کەوتنەخوارەی ماشێنەکەیان بۆ نێو بەنداوی گۆلی زرێبار، گیانیان لەدەست دا.

ئەو ڕووداوە بە هۆی بارینی باران و لافاوی چۆمی \"کێڵین کەوە\"وە ڕووی‏داوە.

دوای کەوتنەوە نێو ئاوی ماشێنەکە دایک و منداڵەکە بۆ نەخۆشخانەی فەجری شاری مەریوان گوازراونەتەوە، بەڵام هەوڵە پزیشکییەکان بێ‏ئەنجام ماوەتەوە.

ئەو بنەماڵەیە خەڵکی گوندی \"نێ\"ێ مەریوان بوون کە دوای ئەوەیکە ماشێنەکەیان لە جۆری لاندکروز دەکەوێتە نێو ئاوەکەوە، دوو ئەندامی ئەو بنەماڵەیە گیانیان لەو ڕووداوەدا لەدەست دەدەن.
دایکەکە تەمەنی ٣٠ ساڵ و منداڵەکەشی ١٠ ساڵان بووە.

دوای بارینی بەلێزمە لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، جادە و ڕێگاوبانەکانی هەندێک لە شارەکان داخراون و دۆخی ئەمنیی جادەکان بە هۆی باران بارینەوە نالەبارە.

شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆی هەڵکەوتی جوغرافیایی و لەبەرچاونەگرتنی پێوەرە ستانداردەکانی ڕێگاوبان، ساڵانە ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە.

هەروەها نەبوونی هێمای ئاگادار کەرەوە، نەبوونی چاوەدێریی ناوەندەکانی فریاکەوتن بەسەر چۆماوەکان و ناشارەزایی هاووڵاتییان لە شوێنە مەترسیدارەکانی سەیرانگا و گەشتوگوزارگەکان، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ڕووداوی لەم چەشنە ڕوو بدات.