دایکی ئەنجومەنەکانی مەریوان، رێوڕەسمی ٢٤ ساڵەی دامەزرانی بەڕێوەبرد+وێنە

15:34 - 9 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە شاری مەریوان، ریوڕەسمێک بۆ ٢٤مین ساڵوەگەری دامەزرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـ ئەدەبیی شاری مەریوان، یەکێک لە بە پێشینەترین ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی ئەو شارە، بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی رەشەمە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کوردی شاری مەریوان، ساڵوەگەری دامەزرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ئەو شارە بەرز راگیرا.

لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا فیلمێکی دیکیۆمنتاری لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان لە ماوەی ٢٤ ساڵ کاری بەردەوامیدا پیشان درا و دواتریش چەند کەسایەتیی فەرهەنگی چەند وتەیەکیان لەسەر کار و رۆلێ ئەو ئەنجومەنە لە شاری مەریواندا، پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا چەند پارچە مۆسیقا پێشکەش بەشداران کرا و دواتریش لەلایەن شاعیرانی بەشدارەوە چەند پارچە شێعرێک خوێندرایەوە.

\"25014.jpg\"
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، ساڵی ٦٩ لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و قەڵەم بەدەستانی ئەو شارەوە دامەزرا
هەروەها ئاماژەش بەوە کرا کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا چالاکی NGO، کۆمەڵێک ئاستەنگ و زەحمەتی لەسەر ڕێیە و ئەنجومەنەکان وەک پارێزەری فەرهەنگی و گەشەدەری ئەو فەرهەنگەن.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان بە لەوحی رێزلێنان، رێزیان لێگیرا.

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، ساڵی ٦٩ لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و قەڵەم بەدەستانی ئەو شارەوە دامەزرا و بە گوتەی زۆرێک لە چالاکانی فەرهەنگی، ئەو ئەنجومەنە لە نێو ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی مەریواندا بە ئەنجومەنی دایک ناسراوە.

ئەو ئەنجومەنە فەرهەنگییە دەیان چالاکیی وەکوو چاندنی ٥ هەزار نەمام بۆ یادی کیمیابارن کردنی هەڵەبجە، سمیناری فەرهەنگنووسی لە زمانی کوردیدا، سمیناری ڕەخنە و لێکدانەوەی شیعری نوێی کوردی، کۆنگرەی قانێع ناسی و دەیان کۆڕ و کۆنگرەی جۆراوجۆری ئەدەبی بەڕێوە بردووە.

\"25009.jpg\"

\"25010.jpg\"

\"25008.jpg\"

\"25007.jpg\"

\"25017.jpg\"

\"25018.jpg\"