داڵاهۆ/ نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی لە نێو کوردانی یارسانیدا+وێنە

16:54 - 6 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان لە گوندی \"تویشامی\" لە ئوستانی کرماشان بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرەتای ئەمساڵ هاووڵاتییانی یارسانی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانەوە بە مەبەستی بەرێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی، روویان لە تەکیەی ئاسەید براکە لە گوندی \"تویشامی\"ی سەربە شاری داڵاهۆ، کرد.

جێژنی خاوەنکار و جێژنی مێژوویی – بیروباوەڕیی نەورۆز، بە دوو جێژنی گرینگی کوردانی پەیڕەوی ئایینی یارسان دادەندرێت، کە لە شاری دالاهۆ (کرندی غەرب) لە ئوستانی کرماشان بەرێوە دەچێت.

رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ بە بەشداریی کەسایەتییە مەزهەبی‌یەکان، هونەرمەندان و تەمبوور ژەنان و چین و توێژە جیاجیاکانی کوردانی یارسان بە سەردان بۆ لای یەکتر و زیارەت کردنی تەکیەی ئاسەید براکە، بەڕێوەچوو.

ئەو رێوڕەسمە \"بەبێ چاوەدێریی ئەمنییەتی و بەدوور لە دۆخی سیاسی\" بەڕێوەچوو، کە بەپێی هەواڵدەریی یاری یارسان، ئەو چاوپێکەوتنانە دەرفەتێکی شیاوی بۆ هاودڵیی یارسانییەکان لە بواری فەرهەنگی و مەزهەبیدا رەخساند.

رێوڕەسمی چوونە سەر گڵکۆی حەزرەتی ئاسەید براکە، دەست و مشتاق و پیرۆزبایی گوتن بە سەید نەسرەدین حەیدەری (پیری یارسانیانی گۆران) و سەید جەلالەدین حەیدەری (تەکیەداری تویشامی)، لەخۆ دەگرێت.

نەورۆزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ساڵی ٢٧١٤ی کوردییە، کە لەو ساڵەدا دەوڵەتی ماددەکان بە رێبەریی دیاکۆ یەکەم پاتشای ماددەکان لە هیگمەتانە (هەمدانی ئیستا) دامەزرا.

ئایینی یاری لە تەواویەتی خۆیدا ئایینێکی کوردی و سەربەخۆیە و بەو شێوەی کە ئێستا هەیە، مێژووەکەی بۆ سەدەی حەوتەمی کۆچی دەگەڕێتەوە، کە لەلایەن سەید ئیسحاق بەرزەنجییەوە، ناسراو بە سوڵتان سەهاک لە ناوچەی هەورامان بنیات بنیات نرا.

پەیڕەوانی ئایینی یاری لە ئەسڵەکانی ١٢ و ١٣ و هەروەها ١٤ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا وەکوو کەمینەیەکی ئایینی بە فەرمی نەناسراون و هیچ مافێکیان بۆ لەبەر چاو نەگیردراوە، کە بەم پێیە یارسانییەکان بە گەورەترین کەمینەی ئایینی بێ ماف و پەروێزخراو لە ئێراندا ئەژمار دەکرێن.
\"19042.jpg\"

\"19041.jpg\"

\"19040.jpg\"

\"19043.jpg\"

\"19035.jpg\"

\"19034.jpg\"

\"19038.jpg\"

\"19039.jpg\"

\"19036.jpg\"

\"19037.jpg\"

\"19033.jpg\"