داڵاهۆ؛ دایک و کوڕێک بە تەقەی مەئموورانی ئینتزامی گیانیان لەدەست دا

16:58 - 23 رەشەمه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی "پووریا ڕەزایی" تەمەن ٢٤ ساڵ و "سوورەت سەیادی" (دایک و کوڕ) خەڵکی گوندی "کامران ڕەحمانـ"ـی داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، بەتەقەی مەئموورانی ئینتزامیی گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی ئینتزامیی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ماشینی هاووڵاتییەکەیان بە ناوی "ئارمان مورادی" دابووە بەردەسڕێژی گولـلە و ئەو دایک و کوڕە کە موسافیری ماشینەکە بوونه هەر دووکیان گیانیان لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ مەئموورانی ئینتزامی ئەو دوو هاووڵاتییەیان لە شوێنێک بە ناوی "ملە سەرانە" لە پشت "باوایادگار" داوەتە بەردەسڕێژی گولـلە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارهەروەها ڕایگەیاندووە پووریا ڕەزایی لەگەڵ دایکی بۆ زیارەتی باوایادگار چوو بوون و پووریا نزیک ٤٠ گوللـەی مەئموورانی ئینتزامیی بەرکەوتبوو.

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، هەروەها سوورەت سەیادی لە لای پشتەوە گوللـەیەکی بەرکەوتبوو و جەنازەی ئەو دایک و کوڕە بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵی‌زەهاو ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری تەقەی مەئموورانی ئینتزامی لەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەک نییه.

وێنە: پووریا ڕەزایی