داوای یارمەتیی ژنە مامۆستایەکی کورد بۆ چارەسەریی کچە قوتابییەکەی+وێنە

15:47 - 14 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی فیداکار و لەخۆبوردووی بیجاڕی، بۆ چارەسەری کچە قوتابییەکی کورد داوای یارمەتیی لە بەرپرسانی حکوومەتی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ژنە مامۆستایەکی کورد بەناوی \"سورەییا موتەهەرنیا\" لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ ئوستانداری کوردستان بوویەتی، داوای یارمەتی و دابین کردنی تێچووی چارەسەری و نەشتەرگەریی کچە قوتابییەکی تووشبووی رووداوی سووتان کرد.

سارا قوربان سرشت کچە قوتابیی تەمەن ٨ ساڵە و قوتابیی قوتابخانەی گوندی \"هومایوون\"ی سەربە شاری بیجار لە تەمەنی ٨ ساڵیدا بەهۆی رووداوی ئاگرەوە لە ماڵی خۆیاندا بەشێک لە دەست و دەم‌وچاوی تووشی سووتان بووەو لە ساڵی رابردووشدا بەهۆی دەستکورتی‌یەوە لە بارودۆخێکی نالەباردا بووە.

\"19136.jpg\"
سورەییا موتەهەرنیا، داوای یارمەتی و دابین کردنی تێچووی چارەسەری و نەشتەرگەریی کچە قوتابییەکی تووشبووی رووداوی سووتان کرد
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، سورەییا موتەهەرنیا، مامۆستا و بەرپرسی قوتابخانەی ئەو گوندە، ئەو کچە قوتابییەی چەندین جار بە مەبەستی چارەسەریی برینەکانی بردۆتە تاران و لە کاتی شەودا بە یەکەوە بە ئوتوبووس بەرەو شاری بیجار و گوندی هومایوون گەڕانەتەوە، هەتا لەسەر پۆلەکانی قوتابخانە ئامادە بن.

ئەو مامۆستا کوردە لە لێدوانێکدا لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکان، باسی لە تێچووی لە ڕادەبەدەری نەشتەرگەریی سارا قوربان سرشت کردووە و رایگەیاندووە: لە ماوەی ئەو ساڵانەدا جگە لە سەردانی بەردەوام بۆ نەخۆشخانە، دەست و دەم‌وچاوی حەوت جار نەشتەرگەریی لەسەر ئەنجام دراوە و سەرەڕای ئەوەی پزیشکی نەشتەرگەر نیوەی تێچووی دەرمانەکەی بە سارا بەخشیەوە، بەڵام بەو حاڵەش لەگەڵ کەمیی پارە و تێچووی پزیشکی بەرەوڕوو بووینەتەوە.

موتەهەرنیا ئاماژەی بەوەش کردووە، چەندین سارای دیکەش هەن، کە پێویستییان بە هاوکاری و یارمەتیی بەرپرسان و کەسانی خێرخواز هەیە.

زانیار، ساناز، میلاد، ئیلناز، رەزا و ئەکرەم چەند قوتابییەکی هاوپۆلی سارا قوربان سریشت لە گوندی \"هومایوون\"ی سەربە شاری بیجاڕن.

ئەو ژنە ماۆستایە بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی خێرخوازان، بە یارمەتیی خەڵکی ئەو گوندە ئاوی لوولەکێشی بۆ قوتابخانەکە راکێشاوە و دیواری بۆ قوتابخانەی گوندەکەش دروست کردووە.

سورەییا موتەهەرنیا لە رشتەی کارناسیی باڵای کارگێڕی و پلان‌رێژیدا خوێندنی تەواو کردووە و ماوەی ١٨ ساڵە وەکوو مامۆستا لە گوندەکانی کوردستان‌دا وانە دەڵێتەوە و زیاتر لە ١٢ کتێبی سەبارەت بە فێربوون، هۆش و بنەماڵە نووسیوە.

پێشتریش مامۆستایەکی کورد لە مەریوان بە مەبەستی هاودەردی لەگەڵ قوتابییەکی تووشبوو بە نەخۆشی، قژە سەری خۆی تاشی و ئەو هەڵوێستە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرینی لێکەوتەوە.
\"19142.jpg\"

\"19141.jpg\"

\"19140.jpg\"

\"19139.jpg\"

\"19137.jpg\"