داوای دانانی وەسیقە بۆ ئازاد کردنی چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان دەکەن

15:18 - 23 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، لە شاری مەریوان، داوای دانانی وەسیقەیان بۆ ئازاد کردنی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، دادگای ئینقلابی شاری مەریوان بۆ ئازاد کردنی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، داوای دانانی وەسیقەی کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: دەزگای قەزایی بۆ هەر کام لەو چالاکە مەدەنییە دەسبەسەرکراوانە، داوای بڕی ٣٠ میلیۆن تەمەن دەکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، چالاکانی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان گوازرانەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: چالاکانی مەدەنیی دەسبەسەرکراو، لە گرتووخانەی شاری مەریوان دان و بۆ ئازاد کردنیان داوای دانانی وەسیقە دەکەن.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە، نۆ چالاکی مەدەنی، بە ناوەکانی \"عەدنان حەسەنپوور، ئارمان غەفووری، محەممەد دانش، فەرامەرز محەممەدی، هیوا فیدایی، دیار یەزدانی، ئەحمەد ئێرانپەناه، هیوا نادری و ناسێح بەخشی\"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو ٩ چالاکە مەدەنییە کوردەیان، بە تۆمەتی \"بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی لە شاری عەفرین\"، دەسبەسەر کردووە.