داواکاریی یەکیەتی دامەزراوە مەدەنییەکانی مەریوان لەحەسەن روحانی

14:15 - 5 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی حەسەن روحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئێران سەردانی شاری سنەی کرد، یەکیەتیی دامەزراوە مەدەنییەکانی مەریوان داواکارییەکی چەند خاڵیان خستەڕوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو یەکیەتییانە لەنامەیەکدا نووسیویانە کە لەسەردەمە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتداران لەئێراندا هەمیشە حکوومەتەکان بە دوای کۆ کردنەوەی دەسەڵات لە ناوەندا بوونە و بە بەردەوامی بەشێک لەناوچەکانی دیکەی ئێران لەبیر کراون.

لەنامەکەدا هاتووە، پاش شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ بەڵێنی و دروشمی ئەوە درا کە هەموو ناوچەکانی ئێران وەکوو یەک بایەخیان پێ دەدرێت و پێویستە ئاوەدان بکرێنەوە و ئەو بەڵێنییە لەهیندێ ناوچە وەدیی هات و هیندێ شوێنی دیکەش پەراوێز خران.

ئەو یەکیەتییانە باسیان لەوەش کردووە، بەداخەوە بایەخێکی ئەوتۆ بە گەشەسەندنی کوردستان لەسەرجەم بوارەکاندا نەدراوە و نابەرابەرییەکان لەبواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەبەر چاو دەکەوێت.

یەکیەتی دامەزراوە مەدەنییەکانی مەریوان دەڵێن: ئەو چاوەڕوانیەمان هەیە کە بەرپرسانی ئێران بە روانینێکی تازە و بە دوور لە ئەمنیەتی جارێکی دیکە پرسە پشت گوێ خراوەکانی کوردستان تاوتوێ بکەنەوە.

پێداچوونەوە بەکەش و هەوای سیاسی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی زمانی ـ فەرهەنگییەکان، خوڵقاندنی کەش و هەوایەکی لەبار بۆ بەشداری کردنی سیاسی کوردەکان، پێداگری و پشت بەستن بە شایستەسالاری لە بورەکانی مودیریەتی لە کوردستان بەشێک لەو داواکارییانەی خەڵکی پاڕێزگای کوردستان بوون کە لەرێگەی یەکیەتی دامەزراوە مەدەنییەکانی مەریوانەوە گەیندراوەتە حەسەن روحانی.

هەروەها چەندین خاڵی دیکەش لەداواکارییەکاندا هاتوون کە بریتین لە: بایەخ پێدان بە ئابووری و کشت و کاڵی کوردستان و دابەش کردنی دادپەروەرانەی داهاتی نەتەوەیی، کۆتایی هێنان بە روانینی ئەمنیەتی لەسەرجەم بوارەکاندا و جێبەجێ کردنی ئەسلی ١٥ لەیاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێڕان.