داواکاریی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە سەرکۆماری ئێران بۆ ئازادی برایانی کوردپوور

14:58 - 25 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: سی کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد بە واژۆ کردنی نامەیەک بۆ سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، خوازیاری پێداچوونەوە و ئازادیی برایانی کوردپوور بوون.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە کە هەڵسووکەوتی شیاوی بەرپرسانی حکوومەتی لەگەل ئاژانسی موکریان و بەریوەبەرانی، نموونەیەکی بەرچاوی ئازادی لەم نیشتمانەدا بوو، بەڵام پاش دەستبەسەر کرانی برایانی کوردپوور، وێنەی ئەرێنیی پێشوو لە بارەی هەڵسوکەوت و سازانی کاربەدەستانی حکوومەتی، لەبەر چاوی خەڵک و بەردەنگانی موکریان رەش بوو.

دەقی بەیاننامەکە:

بەرێز رۆحانی سەرکۆماری ئیسلامی ئێران

ئاگادارتان دەکەینەوە کە ماوەی شەش مانگ لە دەستبەسەرکرانی دو رۆژنامە نووسی بەند کراو خوسرەو و مەسعودی کوردپور تێدەپەرێت. ئەو دو برایە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو وێرای هەوڵێکی شیاوی رێز لێنان، بە شێوەی سەربەخۆ هەواڵنێریی موکریان‌یان دامەزراند و بە شێوەی بەردەوام هەواڵی گشتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچە کوردنشینیان بڵاو کردۆتەوە.

هەواڵ و رووداوەکانی تایبەت بە ناوچە کوردنشینەکانیان بە شێوەی پرۆفیشناڵ وبەبێ لایەنگری لە هەواڵنێریی موکریاندا بڵاو کردۆتەوە.

هەوڵ و ماندوو بوونێک کە لە پێناو پارە و ئیمکانیات و لۆبی سیاسی نەبووە، بەڵکوو پشتیوانی و هیوایەک بۆ چەسپاندنی پێگەی مۆکریان لە نێوان سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی تایبەت بە ناوچە کوردنشینەکانەوە بووە. لە ساڵانی رابردوودا دووای دابەزینی ئاستی چۆنیایەتی جوڵانەوەی راگەیاندن لە ناوچە کوردنشینەکان (لە پاڵ پەرە گرتنی چەندایەتی ئەو دەستە و شێوەیە لە ڕاگەیاندن) هەواڵدەریی موکریان هەوڵیدا ئەو هەواڵانەی کە کەمتر لە چاپەمەنیکانی ناوچە کوردنشینەکاندا بڵاو دەبوویەوە، بڵاوویان بکاتەوە.

لەو رێگایەدا هەواڵی تایبەت بە مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان، فەرهەنگی و هەروەها بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان و هەروەها هەواڵی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خۆکوژی و کوشتن... لە بەرنامەی کاریان دابوو. لەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە رەچاوکردنی بێ لایەنی، پاراستنی کەسایەتی، سەروەری یاسا و پاراستنی یاساکانی وڵات و دەزگاکان و ئەمانەتداری و سرنج، بەتەواوی زەق و بەرچاو بوو و لەو رێگایەدا برایانی کوردپور رابردوویەکی شایانی بەرگرییان هەیە. خوسرەو و مەسعوود لەو ماوەیەدا بە شێوەی مەدەنی، یاسایی و روون و عادڵانە سەرقاڵی بڵاو کردنەوەی هەواڵی تایبەت بە ناوچە کوردنشینەکان بوونەو هاوکات ئەرکی پرۆفشناڵی و رۆژنامەنووسیی خۆیان لەبەر چاو گرتووە.

هەڵسوکەوت و سازانی شیاوی بەرپرسانی حکوومەتی لەگەڵ ئەم هەواڵدەرییە و بەڕێوەبەرانەکەی، نموونەیەکی بەرجەستەی ئازادی را دەربڕین لەم نیشتمانەدا لای بەردەنگانی مۆکریان و کۆمەڵانی خەڵکی ساز کردبوو .

بەداخەوە لە دووای دەستبەسەر کرانی ئەو دو برایە و بڕیاری قورسی سیاسی و نەگونجاو، لەگەڵ کردەوەی ئەو دووە و دژ کردەوەی دور لە نەریت و یاسای حاکم بەسەر راگەیاندنی وڵات لە چوارچێوەی تۆمەتی وەک \" شەڕ لە گەڵ خودا و پروپاگەندە بە دژی حکوومەت\" نە تەنیا بووە هۆی سەرسوڕمان و جێگەی داخی کۆمەڵانی خەڵک لەم هەرێمە و هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران، بەڵکوو کاریگەریی خراپی لەسەر رەش کردنی وێنەی ئەرێنی پێشوو لە بارەی هەڵسوکەوت و سازانی کاربەدەستان لەو بارەیەدا هەبوو.

بە سەرنجدان بە پلەی یاسایی سەرۆک کۆماری، لەمەر پابەندبوون بە پاراستنی مافی خەڵک و چەسپاندنی یاسای بنەڕەتیی وڵات، داوا لە بەڕێزتان دەکەین بۆ پێداچوونەوەی ئەم دۆسیە، رێگەی ئازادی ئەم دو برا بەندکراوە و گەڕانەوەیان بۆ باوەشی بنەماڵەی چاوەڕوانیان خۆش بکەن.

واژوو کارانی نامەکە : - ئێحسان هووشمەند - کوروش زەعیم - سەلاح خەدیو - عەبدولعەزیز مەولودی- جەلال جەلالی زادە - عەبدوڵڵا ئەبریشەمی - عوسمان موزەییەن - خالید تەوەکولی- کەریم فەتاح پور - جەعفەر ئایین پەرەست - مەسعود حوسەینی - مستەفا محەممەدی - رەحمان بەهمەنیش - سەید هاشم هیدایەتی - رێنین حەیدەری - پەیمان عارف - عەلی رەشیدی - ناسر باباخانی - موختار زارعی- حاصڵ داسە - رەحیم فەرەهمەند - سیاوەش حەیاتی - عوبەید زارعی - موسا ئەمێدی- عەباس محمەدزادە - مۆحسێن(ئومێد)بەرین - موختار خەندانی - سەمیرا جەمشیدی- ئازاد نامەکی