داواكاریی خوێندن بە زمانی كوردی لە كرماشان ورووژا

20:59 - 25 رەزبەر 2715
ئاژانسی كوردپا: چالاكێكی مەدەنیی خەڵكی جوانڕۆ، ڕەخنەی لە پارێزگاری پێشووی كرماشان گرت و داوای لێكرد لە گەورەترین شاری كوردنشینی كوردستانی ڕۆژهەڵات، خوێندن بە زمانی دایكی مسۆگەر بكرێت.

چالاكانی مەدەنی، خوێندكاری و مامۆستایانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە كرماشان، بۆ ڕێگە پێدان بە خوێندن بە زمانی زگماكی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، سێمینارێكیان لەسەر زمانی زگماكی بەڕێوە برد.

پاش گونجاندنی بەشێكی تایبەت بۆ ئەدەبیاتی نەتەوەكانی دیكەی ئێران لە نێو كتێبی زمان و ئەدەبیاتی فارسیی ئەو وڵاتەدا، زانكۆی كوردستان لە سنە، ئەمساڵ بەشێكی تایبەت بە زمانی كوردی بۆ خوێندكارانی ئەو زانكۆیە كردەوە.
پاش ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چالاكێكی مەدەنیی خەڵكی جوانڕۆ، لەمەڕ خوێندن بە زمانی كوردی لە زانكۆكانی كرماشان وەكوو گەورەترین شاری كوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕەخنەی لە \"ئیبراهیم ڕەزایی بابادی\" پارێزگاری پێشووی كرماشان گرت، پرسی خوێندن لەو شارەش ورووژاوە و \"ڕەمەزان دێهنەوی\" ڕاوێژكاری پارێزگاری كرماشان لەو پەیوەندییەدا دەڵێ‌: \" پلانی دامەزراندنی كۆلیژێكی تایبەت بە زمانی كوردی ئامادەیە\".

شایانی باسە پرۆژەی دامەزراندنی كۆلیژی زمان و ئەدەبیاتی كوردی لە كرماشان، پێویستە لە بەربەستی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگییەوە تێپەڕێت و بگاتە قۆناغی كردەیی، بەڵام ئەو شورایە سەرەڕای ئەوەی پرۆژەكەیان بەدەست گەیشتووە هەتا ئێستا هیچ بڕیارێكیان لەسەر نەداوە.

پرسی خوێندن بە زمانی زگماكی لە ئێرانی فرەنەتەوەدا، ساڵانێكە كە بووەتە جێگای باس و لێكۆڵینەوە و لەو پێوەندییەش‌دا، حكوومەتی ئێران تەنیا لە قوتابخانەكانی شاری سەقز، لە كوردستانی ڕۆژهەڵات نامیلكەیەكی بۆ زمانی كوردی تەرخان كردووە.

ئەو نامیلكەیە تەنیا لە قوتابخانەكانی شاری سەقز دەوترێتەوە و لەودا تەنیا باس كەسانێكی ناسراوی ناوچەی سەقز دەكرێت و هیچ ئاماژەیەك بە مێژوو، ئەدەبیات، و ...هتد، نەكراوە و لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا قەتیس ماوەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە بەشێك لە كتێبی ئەدەبیات بۆ زمانی كوردی تەرخان‌كراوە، ئەو كردەوە ڕەخنەی كارناسانی پەروەردە و زمانناسیی لێ‌كەوتووەتەوە و ئەو كارەی بەرپرسانی حكوومەتی ئێران بە نەگونجاو دەزانن و باس لەوە دەكەن كە بەپێی پێویست گرینگی بە زمانی كوردی نەدراوە.