داهێنانی لاوێکی ئیلامی لە ئێراندا تۆمار کرا

15:54 - 9 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی بژاردەی کوردی پارێزگای ئیلام بۆ یەکەم جار \"ئاتێل وکیۆم\"ی لە دنیای پزیشکیدا داهێنا و لە ئیدارەی داهێنانەکانی ئێراندا تۆمار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان \"فەرهاد سلێمانی\" لاوی بژاردەی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بۆ یەکەم جار کەرەستەیەکی پزیشکیی بە ناوی \"ئاتێل وکیوم\" داهێنا کە لە بواری پزیشیکدا کەڵكی لێ وەردەگیرێت.

سلێمانی کە تێکنسیەنی فریاکەوتنی پزیشکیە، توانیویەتی ئەو کەرەستە پزیشکیە داهێنێت.

فەرهاد سلێمانی
فەرهاد سلێمانی سەبارەت بەو داهێنانەی خۆی ڕایگەیاندووە؛ بەپێی ئەوەیکە کاری پزیشکیی فریاکەوتن زیاتر پێوەندی بە شکان و زەربەدیتنی ئەندامانی جەستەوە هەیە ئاتێل‌بەندی کارێکی گرینگە بۆ پێشگرتن لە زەربەدیتنی زیاتری ئەندامی شکاوی جەستە.

ناوبراو هەروەها گوتی؛ بە هۆی ئەوەیکە ڕاهێنانی گشتیی پزیشکی زۆر لاوازە، زۆر جار نەخۆش تا گەیشتن بە نەخۆشخانە تووشی زیانی زیاتر دەبێت و هەروەها بە هۆی ئەوەیکە کەرەستەی پزیشکی ئاتێل بەندی لە نەخۆشخانەکان کەمە، بیرم لەوە کردەوە کە وەکوو کەسێک کە کاری فریاکەوتن دەکەم کەرەستەیەکی لەو جۆرە بۆ شکانی ئەندامانی لەش دروست بکەم.

ئەو تێکنسیەنە لاوە هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو داهێنانە دوای قۆناغە یاساییەکان و پەسندی زانستی لە لایەن دەفتەری خاوەنداریەتیی فیکریی زانستگەی زانستە پزیشکیەکانی ئەهواز، لە ئیدارەی داهێنانەکانی ئێران بە پێوەری نێودەوڵەتی لەژێر ناوی \"ئاتێل‌وکیوم\" تۆمار کرا.

ئیلام یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێرانە و لە بواری خزمەتگوزاریی و پێڕاگەیشتنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، دۆخێکی نالەباری هەیە.