دانی حوکمی ئیعدامی زیندانییەکی سیاسی کورد لە ئارا دایه

21:17 - 5 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە چالاکانی سیاسی کورد لەگەڵ مەترسی جێبەجێ‌کردنی حوکمی ئیعدامەکەی لە لایەن بەرپرسانی قوەی قەزاییەوە بەرەو ڕوویە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"حەسەن فەرەجی\" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەنی ٣١ ساڵە و ماوەی ٥ ساڵە لە زیندانی شاری ورمێ‌دا ڕاگیراوە.

ئەو زیندانییە کوردە پاش ١٤ مانگ لە دەستبەسەر کردنی لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

ئاژانسی کوردپا پاش ئاگادار بوون لەو هەواڵە بۆ بەدواداچوون لە بارودۆخی ئەو زیندانییە کوردە پەیوەندیی بە یەکێک لە کەسەکانی بنەماڵەی حەسەنەوە کرد.

\"\"آیەکێک لە کەسەکانی ئەو زیندانییە سیاسییە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە حەسەن لە ٥ ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی \" ئەندامەتی و پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\"دەستبەسەر و زیندانی کراوە و چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە و تەنانەت لەو ماوەیەدا بنەماڵەکەی توانیویانە دوو جار چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو: باوک و دایکی ئەو زیندانییە کوردە لە کۆتاییەکانی حەوتوی ڕابردوو لەگەڵ حەسەن و دادوەری دوسیەکەی چاوپێکەوتنیان کردووە.

لە وڵامی حوکمی حەسەن، دادوەری دوسیەکەی حەسەن، هەم بە ناوبراو و هەم بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، کە حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچووە.

دادوەری دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حەسەنی بە \"دژە شۆڕش\" و \"کەسێکی تێکدەر\" ناوبردووە و گوتویەتی کە\" بەبێ دڕدۆنگی ئیعدام شایانی حەسەن\"ە.

چەمکی \"دژە شۆڕش\" لە ئەدبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەسێک یان لایەنێکی سیاسی دەگوترێ کە چالاکیی سیاسیی ئەوان بە پێچەوانەی سیاسەتە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران بێت.

بەپێی ئامارەکان، لە ئێستادا تەنیا نزیک به ٢٠زیندانیی کورد کە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی\" تاوانبار کراون چاوەڕوانی بەرێوەچوونی حوکمی ئیعدامن.