دانیشتوانی شارەدێی رەحیم ‌خان لە بۆکان هەڕەشەی چۆلکردنی گوندەکەیان دەکەن+وتووێژ/وێنە

15:01 - 4 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند ساڵە خەڵکی شارەدێی رەحیم خانی بۆکان تووشی کێشەی بێ ئاوی هاتوون و کارێزی خۆشگێلدی کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و ئاوەدێریی گوندەکەیانە، وشک بووە.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەدێی رەحیم خان کە زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس دانیشتووی هەیە، بە وتەی دانیشتوانەکەی ئاوی خوارنەوەی گوندەکەیان و هەروەها کاری ئاودێریی ٧٠٠ هێکتار لە زەوییەکانیان ماوەی زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە لەسەر ئاوی کارێزی خۆشگێلدی بووە.

خەڵکی رەحیم‌خانی بۆکان دەڵێن کەسێکی سەربە حکوومەت لە نزیک کارێزی خۆشگێلدی چاڵاوێکی هەڵکەندووەو ئەمەش بۆتە هۆی وشکبوونی کارێزەکە، بۆیە هەر جارێکیش لەسەر ئەم مەسەلەیە سکاڵا تۆمار دەکەین، دادگا بە قازانجی ئەو کەسە بڕیار دەر ئەکات.

ئاژانسی کوردپا بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلەیە لەگەڵ عەزیز بازیار خەڵکی گوندی گوێگتەپە و خاوەنی ئەو چالاوەی نزیک کارێزی خۆشگێلدی دیمانەیەکی پێکهێناوە کە دەڵێت، چالاوەکەی من بە مەودای ١١٠٠ مەودای لەگەڵ کارێزی خۆشگێلدی هەیەو ٦٠ میتر لە ئاستی زەوییەوە قووڵە، بۆیە وشکبوونی کارێزەکانی خۆشگێلدی پەیوەندیی بەو چاڵاوەی منەوە نییە.

عەزیز بازیار رەتی کردەوە، ئەندامی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بێت و ئاماژە بەوە دەکات، کەم‌ئاویی کارێزەکانی خۆشگێلدی بەپێی ستاندارد هیچ کاریگەرییەکی ئەو چاڵاوەی منی لەسەر نییە، بۆیە ئەگەریش لە دادگا مەحکووم کراون بەپیی یاسا بووە.

کێشەی بێ ئاویی شارەدێی رەحیم‌خان گەیشتۆتە ئاستێک کە خەڵکی گوندەی رەحیم خان سکاڵایان هەتا ئاستی سەرکۆمار بەرز کردۆتەوە و رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان لە مەجلیسی ئیسلامی هاوڕێ لەگەڵ فەرمانداری ئەو شارە سەردانی رەحیم خانیان کرد.

لەو پەیوەندییەدا هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی رەحیم خان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند؛ قەسیم عوسمانی لەگەڵ فەرماندار و چەند مەئموورێکی ئیدارەی ئیتلاعات هاتنە مزگەوتی رەحیم خان و لەبری باس چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە و باس کردن لە گرفتی بێ ئاویی گوندی رەحیم خان، باسی لە پێویستیی یەکپارچەیی خاکی ئێران و خۆڕاگریی خەڵک بەرامبەر بە \"ئیستکباری ئەمریکا\"دا کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە گوندی رەحیم خان رایگەیاند، قەسیم عوسمانی لەسەر داوا و پێداگریی تێکڕای خەڵک سەردانی کارێزە وشکبووەکانی گوندی خۆشگێلدیی کرد و بەڵێنیی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیەی پێداون.

دانیشتوانی گوندی رەحیم خان دەڵێن: ئێمە لەو باوەڕەدا نین کە قەسیم عوسمانی کێشەی کارێزەکانمان بۆ چارەسەر بکات، بۆیە ئەگەر هەتا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، رێکەوتی ٧ی بانەمەڕ، کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکات، بۆخۆمان چاڵاوی نزیک کارێزی خۆشگێلدی پڕ دەکەینەوە یان بە تێکڕایی رەحیم‌خان چۆڵ دەکەین.

شارەدێی رەحیم خان لە ناوچەی ئاڵە شینی بۆکان، زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس دانێشتووی هەیە و دانیشتوانەکەی بە وەرزێڕی و باخدارییەوە سەرقاڵن و بژیویی ژیانیان لەو رێگەیەوە دابین دەبێت و ماوەی ٥ ساڵە بەدەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنن.
\"19576.jpg\"

\"19562.jpg\"

\"19563.jpg\"

\"19579.jpg\"

\"19567.jpg\"

\"19568.jpg\"

\"19569.jpg\"

\"19566.jpg\"

\"19565.jpg\"

\"19564.jpg\"

\"19570.jpg\"

\"19571.jpg\"

\"19572.jpg\"

\"19577.jpg\"

\"19578.jpg\"

\"19574.jpg\"