دانپێدانانی لێپرسراوانی حكوومەتی بە هەژاری و دەسكورتیی بنەماڵەی زیندانیان

17:08 - 9 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لێپرسراوانی حكوومەتی لە هەمبەر هەژاری و دەسكورتی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی نەیانتوانی بێدەنگ بن، بەڵام لەشفرۆشی سەرچاوە گرتوو لەو هەژارییە بۆتە تراژیدیا.

راپورتە فەرمییەكان كەلە دلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە بڵاو دەكرێنەوە باس لەوە دەكەن كە یارمەتیە دەوڵەتی و خەڵكییەكان بە بنەماڵەی زیندانیانی دەسكورت، تەنیا كەمتر لەسەدا 50‌ی هەژاران دەگرێتەوە.

لێپرسراوی سازمانی زیندانەكان لە ئێران رایگەیاند، زۆربەی زیندانیانی وڵات لە چینی هەژار و دەسكورتی كۆمەڵگان و بە دەستبەسەركردنی سەرپەرست، سەرچاوەی بژیوی ئەو بنەماڵانە، ئەوان زیاتر دەسكورتتر دەبن.

غوڵامحوسێن ئیسماعیلی دابین كردنی بژێوی ئەو بنەماڵانەی گەڕاندەوە بۆ رەوشی ناڵەبار و بە وتەی ئەو لێپرسراوە كەمی سەرچاوەكانی بە هۆكاری سەرەكیی دابین كردنی لانیكەمی بژیوی ئەوان لەقەڵەم دا.

لێپرسراوی سازمانی زیندانەكان وتی:\" ئەو رێكخراوە پێویستی بە یارمەتیی خەڵكی هەیە\"
ئەو لێپرسراوە لە دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران وتیشی: رێژەی بنەماڵەی زیندانیانی هەژار و دەسكورت لە ئێران نزیك بە لەسەدا 70‌یە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری لێپرسراوی زیندانەكانەوە بڵاوی كردەوە، ئەو ناوەندە دەوڵەتییە پێویستی بە پشتیوانی و یارمەتیی خەڵكیە بە مەبەستی دابین كردنی بژیوی بنەماڵەی زیندانیانە.

بەپێی یاسا حكوومەتییەكان، بنەماڵەی زیندانیان تەنیا بۆ ماوەی سێ‌ مانگ دەچنە ژێر سێبەری ئەنجومەنی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و دواتریش رەوانەی ناوەندەكانی بێهزیستی و كۆمیتەی ئیمداد دەكرێن.

لە پێوەندیی رێژەی زیندانیان لە ئێران ئاماری جیاواز لە 250 هەزار هەتا 450 هەزار بڵاو بۆتەوە، بەڵام ئامارە فەرمییەكان باس لە زیادبوونی لەسەدا 17‌ی زیندانیان بە نیسبەت ساڵەكانی پێشوو دەكەن.

هەروەها زیاتر لە 55% زیندانیان خێزاندار، 30% زیندانیان خاوەن پێشینەن و 40% زیندانیان تاوانەكەیان پێوەندیی بە مادەسڕكەرەكانەوە هەیە.
\"5476.jpg\"
پەرە گرتنی لەشفرۆشی بنەماڵەی زیندانیان بە هۆكاری هەژاری
زەخت و گوشارەكانی ئابووری و هەژاری بۆ سەر بنەماڵەی زیندانیان وای كردووە كە بەشێكی بەرچاو لە ژنان و كچان بە ناچاری پەلكێشی دیاردەی لەشفرۆشی كراون.

نەبوونی چاوەدێری لەلایەن سازمانی زیندانەكانەوە بۆ سەر بارودۆخی بنەماڵەی زیندانیان وای كردووە هەتا ژمارەیەك لە فەرمانبەران ئیدارەی زیندانەكانی ئێران، بۆ خۆیان بوونەتە ئەو كەسانەی كە دەستدرێژی دەكەنە سەر ژنان و كچانی بنەماڵەی زیندانیان.