داندرانی پەیکەری محەمەد لە زێدی خۆی بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە

16:58 - 13 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری نەغەدە رێگری لە دانانی پەیکەری ئوستوورەی شاخەوانانی کورد محمەد هەوراز، لە گۆڕەپانێک بە ناوی ئەو شاخەوانە کوردەوە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بەرپرسانی شاری نەغەدە بە تایبەت بەرپرسانی شارەوانی بەڵێنییان دابوو پەیکەری محەمەد هەوراز شاخەوانی ناسراوی کورد لە یەکێک لە گۆرەپانەکانی ئەو شارە دابندرێت، هەتا ئێستا پەیکەری ئەو شاخەوانە کوردە ئیزنی دانانی پێنەدراوە.

\"20314.jpg\"
گۆڕەپانی محەمەد هەوراز بەبێ پەیکەری ئەو شاخەوانە کوردە
پەیکەری محەمەد هەوراز بەپێی بڕیاری پێشووی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی نەغەدە، دەبوا لە یەکێک لە گۆرەپانەکانی شاری نەغەدە بەناوی ئەو شاخەوانە کوردە دابندرێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەغەدە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند: گۆرەپانی \"تۆپ\"ی شاری نەغەدە بۆ دانانی پەیکەری محەمەد هەوراز دیاری کرابوو، کەلە رۆژانی رابردوودا لەوپەڕی سەرسووڕمانی هاووڵاتییانی کوردا، جارێکی دیکە (تۆپ)ـەکە لەو گۆرەپانە داندرایەوە.

هاووڵاتییەکی نەغەدەیی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"ئەم هەڵوێستەی لێپرسراوانی دەوڵەتی بە تایبەت شارەوانی، نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی کورد دروست کردووە و ئەم کارە بە ئەنقەست لە قەڵەم ئەدەن\".

لەلایەکی دیکەوە دەگوترێت: کەریم حوسێن زادە، نوێنەری مەجلیس لە شارەکانی نەغەدە و شنۆ دژایەتیی خۆی لەگەڵ دانانی سەرلەنوێی تۆپەکە دەربڕیوەو رایەگەیاندووە: ئەم پەیکەریە جارێکی دیکە لەو شوێنە لابردراوە.

دیاریکردن و چاوەدێری بەسەر دروست کردن و دانانی پەیکەر لە شارەکان لە ئەستۆی شۆرای فەرهەنگیی گشتیی شارەکانە.

رێگری کردن و ئاستەنگ دروست کردن بۆ دانانی پەیکەری ئەو شاخەوانە ناسراوە کوردە لە زێدی خۆی لە حاڵێک دایە، کەلە چەندین شاری ئێران و کوردستان و بەتایبەت لە شاری سنە پەیکەری ئەو شاخەوانە کوردە داندراوە.

\"20315.jpg\"
پێشتر ئیسفەندیار مورادپوور، هونەرمەندی پەیکەرساز لە شاری نەغەدە رایگەیاندبوو: \"بەرپرسانی ئەم شارە بە سەرنجدان بە پیشینە و مێژووی شارەکە، روانینێکی هاوتەریب و شیاویان نییە\".

شاری نەغەدە نزیک بە ٨٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە هاووڵاتییانی کوردی سوننی مەزهەب و تورکی شیعە مەزهەب پێکهاتووە.

محەمەد هەوراز یەکەم کورد و ئێرانی بوو، کە ساڵی ١٣٧٧ توانی بەسەر چیای ئێڤێرێست‌دا سەربکەوێت.

محەممەدی هەوراز ساڵی ١٣٤٨ لە شاری نەغەدە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە دایک بوو و ساڵی ١٣٦٧ رووی لە شاخەوانی کرد.

ئەو شاخەوانە کوردە ساڵی ١٣٨٢ لەکاتی سەرکەوتن بەسەر چیای \"گاشربروومی ١\" لە وڵاتی پاکستان، بەهۆی هەرسی بەفرەوە بە توندی بریندار بوو، کە سەرئەنجام رێکەوتی ١٦ی خەرمانانی هەمان ساڵ بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە ماڵئاوایی لە هەوراز و چیاکانی جیهان کرد.