دانا لەنجاوایی بۆ زیندانی مەریوان راگوێزرا

12:47 - 8 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دانا لەنجاوایی پاش مانگێک دەستبەسەر کران لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، رەوانەی زیندانی شاری مەریوان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی رەشەمە دانا لەنجاوایی چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرا.

\"18497.jpg\"
دانا لەنجاوایی چالاکی خوێندکاری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزرا
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ماوەی دەستبەسەرکرانی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە رۆژی رابردوو بنەماڵەی دانا لەنجاوایی بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان سەردانی زیندانی شاری مەریوانیان کردووە، بەڵام مەئموورانی ئەو زیندانە، ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نەداون.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، رێکەوتی ٦ی رێبەندانی ئەمساڵ، پاش ١ رۆژ دەستبەسەر کران، لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە بۆ شاری سنە راگوێزرا.