دانانی تۆپخانە لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار

15:29 - 8 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار تۆپخانەی جێگر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەک پێش، سپای پاسداران هێز، لەگەڵ چەکی قورس و نیوە قورسی بۆ گوندی \"کەوپەڕ\" سەر بە شاری پیرانشار ڕەوانه کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سپای پیرانشار بە ئاژانسی کودردپای ڕاگەیاند: \"سپای پاسداران لە گوندی \"کەوپەڕ\" تۆپخانەیەکیان داناوە و ئامانج لە دانانی ئەو تۆپخانەیە، تۆپباران‌کردنی شاخەکانی شاری پیرانشارە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"جێگیرکردنی تۆپخانە لە گوندی کەوپەڕ نیگەرانیی دانیشتووانی ئەو گوندەی لێکەوتووەتەوە\".

لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ٩٥ی هەتاویەوە، سپای پاسداران تۆپخانەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی بە تایبەت پیرانشار و شنۆ جێگر کردووە و چەندین جار خاکی هەرێمی کوردستانیشی تۆپباران کردووە.

\"ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕدا، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە \"حدکا\" لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی ئەو حیزبە گیان لە دەستدانی دوو پێشمـەرگەی کوردستانی بە ناوەکانی \"ڕەحیم ڕۆستەم داستان\" خەڵکی شاری مەهاباد و \"ئیدریس دەرویشی\" خەڵکی شاری پیرانشار لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن تۆپخانەکانی سپای پاسدارانەوە پشتڕاست کردەوە.

ساڵی ڕابردوو، محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەوینیی سپا لە دژکردەوە بە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارس باسی لەوە کردبوو: \"پێشتریش باسمان لەوە کردووە کە ئێمە لە سەر ئەو ستراتژییەی خۆمان پێداگری دەکەین و ئەو مافەش بۆ خۆمان بە ڕەوا دەزانین کە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لە حاڵی مەشق و ڕاهێننان، بەرنامەڕێژی بۆ نائەمنکردنی ناوچە سنوورییەکانی بن لە هەر شوێنێک بن ئێمە هێرشیان دەکەینە سەر\".

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار باسیان لەوە کردووه: \"حکومەتی ئێران و حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەبێ لە ڕێگای وتووێژ پرسی خۆیان چارەسەر بکەن\".