دامەزراوەی ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەریی "ئاوێنەی كوردستان" لە سنە مۆڵەتی وەرگرت

19:06 - 8 بەفرانبار 2711
كوردپا: پاش یازدە مانگ چالاكی، دامەزراوەی ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەریی \"ئاوێنەی كوردستان\" لە شاری سنە و راگیرانی چالاكییەكانی بۆ ماوەی چەند مانگ، بە فەرمی مۆڵەتی پێدرا.

بەپێی هەواڵی وێبلاگی فەرمیی دامەزراوەی ئاوێنەی كوردستان، پاش یازدە مانگ چالاكی و راگیرانی بۆ ماوەیەكی كاتی و هەروەها گۆڕان لە ناو و پێكهاتەكەی لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە مۆڵەتی پێدرا و بە فەرمی هاتە مەیدانی فەرهەنگی و ئەدەبیی كوردستانەوە.

دامەزراوەی ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەریی كوردستان داوای لە لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەب و نووسەران و شاعیران كردووە بە بەشداری لە دانیشتنە حەفتانەكانی ئەو ئەنجومەنەدا لەپێناو بەرەو پێش بردنی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردیدا بەشدار بن.

دەستەی دامەزرێنەر بریتین لە:نەجمەدین شەوكەت یاری، محەممەد رەحیمی و هەروەها دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاوێنەی كوردستان بریتین لە: ئیرەج عیبادی، مستەفا ساڵحی ئازاد، لەیلا وەزیری و شیلان گیلانی.

دەسپێكی دامەزراندنی ئەنجومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەكان لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی دەیەی 60ی هەتاوی و لە شاری سنە پێشتر چەندین ئەنجومەنی ئەدەبیی وەك: ئاران، مەولەویی كورد، كوردستان، ئاسۆ، جەوان و چەندین ئەنجومەنی دیكەی ئەدەبیی تایبەت بە خویندكارانی زانستگا هەبوون كە بەشێكی زۆریان داخراون و مۆڵەتی چالاكییان هەڵوەشاوەتەوە.