دامەزراوەی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی، لە پەرەسەندنی چالاکییەکانی مافی مرۆڤی کورد نیگەرانی دەربڕی

15:21 - 28 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی مافی مرۆڤی دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ڕاگەیندراوێکدا ڕوو لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، چالاکانی مافی مرۆڤی کوردی بە \"تێرۆریست\" ناوزەد کردووە.

لەو ڕاگەینداروەدا هاتووە: کەڵکئاژو وەرگرتن لەو بوارەدا لەگەڵ هەڵکردنی بێ پاساوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەوڕوو بووە و ڕووماڵ کردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان بە مۆرکی \"داکۆکی لە چالاکانی مافی مرۆڤ\"ـی زانیوە.

دامەزراوەی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی، پێداگری لەسەر ئەوە کردووە، کە چالاکانی مافی مرۆڤ، لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێرانن و ئەو چالاکانەی بە تۆمەتی \"چالاکیی تیرۆریستی\" تاوانبار کردووە.

دامەزراوەی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی، بە ڕەخنەگرتن لە کردەوەی بەرپرسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندووە، کە چالاکانی کوردی وەکوو \"داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ\" ناسیوە و پشتیوانییان لێ دەکات.

ئەو ڕاگەیندراوە لە حاڵێکدایە کە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە کوردستان، لە ڕاپۆرتەکانی ڕێپۆرتێرانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگدانەوەی هەبووە و چالاکانی مافی مرۆڤی کورد، لەگەڵ سزای قورسی دەزگای قەزایی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

چالاکانی مافی مرۆڤی کورد، چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە ناوەندەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، لەژێر ناوی تۆمەتگەلێ وەکوو: \"هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" لەگەڵ ئەوان هەڵسووکەوت دەکەن و بە هۆی ڕوانینی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئێران، بوار بۆ چالاکی مافی مرۆیی لە کوردستان ناڕەخسێت و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، بە ناچاری زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە وڵاتانی ئورووپای کردووە.