دامەزرانی یەکەمین بنکەی ئەدەبی ــ فەرهەنگی لەشاری دیواندەرە + وتووێـژ

14:45 - 25 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای دامەزرانی بنکەی ئەدەبی – فەرهەنگیی چلچەمە لەشاری دیواندەرە، بڕیارە ئەنجومەنی ناوبراو بە هاوکاریی گرووپی مۆسیقای ئەو شارە، شەوە شێعرێک بەڕێوە ببات.

مەسعوود حەق تەڵەب یەکێک لە سەرپەرستیارانی بنکەی ئەدەبی – فەرهەنگی چلچەمەی دیواندەرە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، پاش ماوەیەک گیروگرفت سەبارەت بە شێواز و چۆنیەتیی کار کردن و هەروەها کێشە لەسەر ناوی ئەنجومەنەکە، لەلایەن فەرهەنگ و ئیرشادی شاری دیواندەرەوە مۆڵەتی فەرمیی کار کردنمان پێ درا\".

\"16094.jpg\"
مەسعوود حەق تەڵەب چالاکی فەرهەنگی
ئەو شاعیرە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە \"بنکەی ئەدەبی، فەرهەنگیی چلچەمە\" هەتا چەندە لە بواری ئەدەبی و رۆشنبیری‌دا دەست کراوە دەبێت، رایگەیاند: \" ئەم بنکەیە هەتا ڕادەیەک سەربەخۆیی هەیە و بە مەرجێکیش ئیدارەی ئیرشاد پشتیوانیمان لێ بکات، دەتوانین کۆڕی ئەدەبی، فستیڤاڵ و تەنانەت خولی فێرکاری و پەروەردەی زمانی کوردیش بەڕێوە بەرین\".

سەرپەرستی ئەو ئەنجومەنە باسی لەوەش کرد، \"رۆژی چوارشەممە ئەنجومەن بەشێوەی فەرمی چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد و بۆ دەستپێکی کارەکانیشمان بڕیارە لە رێکەوتی ٧ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا شەوە شێعرێک بۆ شاعیرانی ناوچەی دیواندەرە بەڕێوە بەرین\".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە گوتیشی \"هەرچەندە شاری دیواندەرە لە بواری شێعر و چیرۆکنووسی‌دا ئاڵا هەڵگر بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەنجومەنێک نەبوو پشتیوانی لە چالاکانی ئەو بوارە بکات، بەو شێوەیەی کە پێویست بوو، دیار و بەرچاو نەبوون، بۆیە بە دامەزراندنی ئەم بنکەیە هەوڵ ئەدەین لە شاعیران و بنکە ئەدەبییەکانی کوردستان نزیک ببینەوە\".

مەسعوود حەق تەڵەب ساڵی ١٣٦٦ لە شاری دیواندەرە لە دایک بووە و بڕوانامەی کارناسیی هونەری لە زانکۆی تاران بەدەست هێناوە و یەکێک لە شاعیران و قەڵەم بەدەستانی بواری خۆشنووسیی شاری دیواندەرەیە، ماوەی چەند ساڵێکە لە بواری شێعر و ئەدەبدا چالاکی هەیە و هاوڕێ لەگەڵ عەتا ئەحمەدی سەرپەرستیی بنکەی ئەدەبیی چلچەمەی شاری دیواندەرە دەکەن.

دەگوترێت کە لەساڵانی ١٣٧٨ی هەتاوی ئەنجومەنی ئەدەبی دیواندەرە دامەزرا و ساڵی ٨٠ ناوەکەی بۆ ئەنجومەنی ئەدەبیی شەوەکی گۆڕدرا و سالی ٨١ی هەتاوی پاش ١ ساڵ چالاکی بە بڕیاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد داخرا.