دار وەنێکی سەدان ساڵە لە کامیاران سووتێندرا

21:29 - 28 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ئاگرێکی بە ئانقەست لە گۆندی کاشتەری سەربە شاری کامێران هەڵگیرسێندرا و بوو بە هۆی لەناوچوونی دەیان بنە و داری بەتەمەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەکێک لە دارە وەنە بەتەمەنەکانی گوندی کاشتەر بە هۆکاری مرۆیی لەنێو ئاگردا سووتا.

تەمەنی ئەو دار وەنە لەسەرووی ٦٠٠ ساڵەوە خەمڵێندراوە.

ئەم دارە و چەندین بنە گەوونی دیکە کە تەمەنی ئەوانیش نزیک بە ٥٠٠ ساڵ دەبێ، لەم ئاگرکەوتنەوەدا سووتان، کە هەموو ساڵێ سەدان کیلۆ کەتیرایان لێ بەرهەم دەهات.

بەوتەی هاووڵاتییانی گوندی کاشتەر، خەسارێکی زۆر لەو ئاگرە بەر ئەو دارە وەنە کەوتووە و شین بوونەوەی سەرلەنوێی زۆر ئەستەمە.

خەڵکی گوندی کاشتەر ئەو دارە بەتەمەنە وەکوو یەکێک لە هێماکانی گۆندەکەیان لەقەڵەم دەدەن و خوازیاری سزادانی بکەرانی ئەو ئاگرکەوتنەوانەن.

پارێزگای کوردستان زیاتر لە ٣٧٧ هەزار هێکتار لێڕەواری هەیە کە ٢٥ هەزار هێکتاری لە دارە وەن پێکدێت.

شیرە و میوەی قەزوانی بەری دارە وەن، بۆ دروستکردنی بنێشت و دەرمانی گیایی و چەسپ کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

\"30788.jpg\"

\"30789.jpg\"