دارستانەکانی گوندەکانی ناوچەی هەورامان لە ئاگردا سووتێنران
ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ، دارستانەکانی نیوان گوندەکانی "ڕوار، زۆم و ئەسپەرێز" ئاگریان تێبەردرا و لەلایەن دانیشتووانی ئەو گوندانەوە کۆنترۆڵ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ئاگردانی دارستان و پووش و پاوەنی نێوان ئەو سێ گوندە، هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو گوندانە خۆیان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و سەرەڕای پەیوەندیگرتن بە ناوەندەکانی ئاگرکوژێنەوە، هیچ یارمەتییەکیان لەو بارەیەوە نەداوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو ئاگرە کاتژمێر ٣ی دوانێوەڕی ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ دەستی پێکردووە و هەتا کاتژمێر ١٠ی شەو درێژەی هەبووە".
لەو پەیوەندییەدا، دارستانەکانی "هەمرۆ دۆڵ" لە کۆساڵان کە ئاگریان تێبەردرابوو، لەلایەن کۆمیتەی بەرەنگاری لە قەیرانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ئەنجومەنی پاکۆی سەوڵاوا و خەڵکی ژینگەپارێزی سەوڵاوا و دووڕوو کۆنترۆڵ کرا.
هەتا ئێستا هۆکاری ئاگری دارستانەکانی سێ گوندی ئاماژە پێ کراو و کۆساڵان ناڕوونە.