دارستانەکانی کوردستان هەروا لە ئاگردا دەسووتێن

20:13 - 24 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئاگر گرتنی دارستانەکانی کوردستان بە خەستی درێژەی هەیە و هەتا ئێستا ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە نیسبەت ئەم پرسە هیچ هەوڵێکیان نەداوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لێڕەوارەکانی شارەکانی مەریوان، بانە، هەورامان، جوانڕۆ و پاوە تووشی ئاگر کەوتنەوە بوون.

هەتا ئێستا بەرپرسانی رێژیم، ئاماری دروست لە رێژەی خەساری گەییشتوو بە دارستان و لێڕەوارەانی ئەو شارانە بڵاو نەکردووەتەوە.

تەواوی ئەم ئاگر کەوتنەوانە بە هەوڵی هاووڵاتییانی کورد و چالاکانی ژینگە‌پارێزی و مەدەنی کۆنتڕۆڵ بووە.

بەپێێ ئەم راپۆرتە، رۆژی شەممە پۆش و پەڵاش و دارستانی پشت گەڕەکی تازاوای مەریوان لە سێ جێگای جۆراوجۆرەوە و هەروەها دارستانەکانی گوندی \"بناوچڵە\" لە نزیکی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"قوڵقوڵە\" سەر بە ناوچەی مەریوان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون ورووبەرێکی بەرچاویان لە ئاگردا سووتا.

\"26978.jpg\"
ئاگر کەوتنەوەی دارستانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیاد بوونە
لەم پەیوەندییەدا، لێڕەوارەکانی داریان و هەجیج سەر بە پاوە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و بە هەوڵی کۆمیتەی پێشگیری لە قەیرانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و هاووڵاتییانی کورد ئەو ئاگرە کوژایەوە.

دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەو باوەڕەدان کە ناوەندە پەیوەندییدارە ئەمنییەتی- نیزامیییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوون و خۆشاردنەوەی هێزە سیاسییەکانی دژبەری حکوومەت بە کەڵک وەرگرتن لە دارستانەکان ، ئەم دارستانانە دەسوتێنن.

وێنە: سمکۆ عەزیمی - ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان