دارستانەکانی سەوڵاوا لەئاگردا سووتان

16:36 - 22 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئاگر کەوتنەوە کە زەنجیرە چیای شاهۆ لە ٦٠ کیلۆمیتری شاری سەوڵاوا بە خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، دارستانەکانی زەنجیرە چیای شاهۆ لە گوندی \"زۆم\" سەر بە شاری سەوڵاوا بوون بە خۆڵەمێش.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە و چالاکانی ژینگەپارێزی کونتڕۆڵ کرا.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک سەبارەت بە خەساری بەرکەوتوو بە دارستانەکانی چیای شاهۆ بڵاونەکراوەتەوە.

هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە هەتا ئێستا روون نەبووتەوە.

رۆژانە هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و ژینگەی کوردستان لەلایەن هەواڵنێرانی ئاژانسی کوردپا رووماڵ دەکرێن و سەرەڕای ئەوەی خەسارێکی جیددی بە دارستانەکان دەگات ژیانی گیانلەبەرانیش دەکەوێتە مەرترسییەوە.

هاووڵاتییان لەو باوەڕەدان کە ئەو ئاگر کەوتنەوانە لە ئەنقەست روو دەدەن و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نادەن.