داربەڕوویەکی کوردستان چووە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکان

15:09 - 17 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: داربەڕوویەک لە گوندی \"بایەندەرە\"ی بانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چووە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، داربەڕووەکەی بایەندەرە ناسراو بە \"دارە گەورە\"، هەڵکەوتوو لە گوندی بایەندەرە لە بەشی نەنۆڕی شاری بانە، کە تەمەنەکەی ١٥٠٠ ساڵە و بە یەکێک لە کۆنترین و بەتەمەنترین دارەکانی زاگرۆس دەناسرێ، چووە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران.

بەرزیی بەژنی ئەم دارە ١٣ میترە و نێوقەدەکەشی ٧ میترە.

زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس خاوەنی دەیان هێکتار لێڕەوار لە چەندین جۆر دارن، کە بەناوبانگترینیان داری بەڕووە و بەهۆی خۆڕاگرییەکەیان بوونەتە سیمبۆل و سەرباشقەی زۆرێک لە نووسەران و شاعێرانی ئەم ناوچانە، بەڵام ناوە بەناوە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و کەمتەرخەمیی بەرپرسان دەبنە قوربانی، کە لەنێویاندا کۆمەڵێک دار بوونیان هەیە کە تەمەنیان لە سەرووی ١٠٠٠ ساڵەوەیە.

\"\"بۆ وێنە ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، \"داری هۆڵە\" کە یەکێک لە بەتەمەنترین دارەکانی ئەم ناوچە بوو، لەنێوچوو؛ چەند ساڵ پیشتریش \"داری بایلۆ\" کە یەکێک بوو لە پیرترین داربەڕووەکانی دینارکێوی ئابدانان، بەهۆی وشکەساڵی لەنێوچوو و هیچ کەسێکیش نەهات بەهانایەوە.

ساڵی ڕابردوو ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان، لە ئامارێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ ٥ هەتا ٤٠ لە ڕووبەری ٥٢٧ هەزار هیکتاریی لێڕەوارەکانی ئەو پارێزگایە کەم بووەتەوە، و ڕووی لە وشکبوون ناوە، کە ئەو ڕێژەیە ڕووبەرێکی ١٥٠ هەزار هێکتاری لە لێڕەوارەکانی بەڕوو لەخۆ دەگرێت.

هەواڵدەریی فارسیش ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاندبوو؛ ئەگەر ئەم کەمتەرخەمییانە بەرانبەر بە لێڕەوارەکانی زاگڕۆس بەم شێوەیە درێژە بکێشێت، لە کەمتر لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا، لێڕەوارەکان لەنێو دەچن.