دادگا بڕیاری خۆی بە "موژگان کاووسی" ڕاگەیاند
دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازندەران ناڕەزایەتی و دادکۆکیی "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی کوردیی یارسانی بە پارێزەریی "مستەفا نیلی" ڕەت کردەوە و بڕیاری کۆتایی بە سەر ئەو چالاکە یارسانەدا، سەپاند.
موژگان کاووسی لەو پەیوەندییەدا، لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: "دادگای پێداچوونەوە، داواکاریی دۆزگەری گشتی و ئینقلابی شاری نەوشەهری بە بڕیاری ڕەوا زانیوە".
ئەو چالاکە یارسانییە نووسیویەتی: "هەروەها سزای زیندان سەبارەت بە پڕۆپاگەندە دژی نیزام، لە ٦ مانگ بۆ حەوت مانگ و نیو، هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتیی لە ٣٠ مانگ بۆ ٣٦ مانگ گۆڕدراوە. سزای زیندانی سەبارەت بە ئەندامییەتی لە گرووپەکانی دژبەری نیزام، وەکو خۆی ٣٣ مانگە و بەو پێیەش، کۆکردنەوەی ماوەی زیندانیبوونەوەکەی من لە ٦٩ مانگ کرایە ٧٦.٥. هەروەها سزای ئەشەد کە پێشتر بە جێگای ئەندامبوون لە حیزبەکان بوو، هەنووکە جێگای خۆی داوەتە به هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دژی نیزام".
ئەو نووسەرە کوردە ڕایگەیاندووە: "لەوەیکە بەپێی یاسا کۆکردنەوە، سزای ئەشەد جێبەجێ دەکرێت، زیندانیکردنی من لە ٣٣ مانگ بۆ ٣٦ مانگ، واتە ٣ ساڵی تەواوە گۆڕدراوە".
دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هێچ ئاگاداری و پێ ڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوعالخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەو ژنە نووسەرە کوردەی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.
ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز، ئەو نووسەرە و چالاکە کوردە، بۆ گرتنگەی زیندانی نۆشەهر بە شێوەی کاتی ڕاگوێزرا بوو.