دادگای ئینقلابی سەقز حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەر هاوڵاتییەکی ئەم شارەدا سەپاند

15:01 - 13 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ هاوڵاتییەکی کورد بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاوڵاتییەکی کورد بەناوی \"عەتاڕەحمان‌زادە\" ناسراو بە\"شەماڵ سەقزی\" تەمەن٥٠ ساڵ کوڕی حاجی عەلی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، هەروەها ناوبراو لە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتی\" بە بێتاوان ناسرا.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند، عەتا ڕەحمانزادە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو(٩٦)، دوای بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتگیری لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز گوازرایەوە.

ناوبراو دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە بەندیخانە بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

عەتا ڕەحمان‌زادە خێزاندار و خەڵکی گوندی \"مەزرە\"ی سەر بە بەخشی سەرشیوی شاری سەقزە.