دادگای کردنی یەکێک لەگیراوانی مەهاباد پاش زیاتر لەسێ مانگ دەستبەسەریی

15:36 - 17 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگی ـ خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد پاش تێپەڕ بوونی سێ مانگ لەدەستبەسەر کردنی، یەکەم جەلەسەی دادگایی کردنی بەڕێوە چووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئومید دەباخچی‌موکری کە پاش خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد لەناو ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا، حەفتەی رابردوو دادگایی کراوە.

دەوترێت ئومید دەباخچی ئەو تۆمەتانەی کە لەدادگا دراونەتە پاڵی بە تەواوەتی رەتی کردووەتەوە.

\"28343.jpg\"
ئومید دەباخچی، یەکێک لەگیراوانی مەهاباد
لەو بارەیەوە هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردووەتەوە، تۆمەتی وەکوو هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی لەرێگەی هاوکاریی کردنی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێران، دراوەتە پاڵ ئەو خوێندکارە کوردە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا جەلەسەیەکی دیکەی دادگایی کردنی ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە لەداگای ئینقلابی ئەو شارە بەڕێوە بچێت.

پاش خۆپیشاندانەکانی ١٧ی بانەمەڕی شاری مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی، هێزە ئەمنیەتییەکان ئومید دەباغچی موکریان لەناو ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کردبوو.

ئومید دەباخچی پاش نزیک بە سێ مانگ لە ناڕوونی چارەنووسی، کۆتایی مانگی پووشپەڕ، رەوانەی زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد کرا.