دادگای پێداچوونەوە حوکمی قامچیی لێدانی دوو چالاکی مەدەنیی کوردی ڕاگرتووە

20:54 - 7 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوە لە پارێزگای سنه دوو چالاکی مەدەنیی بە دانی پارەی نەختی مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنه هەر یەک لە \"منارە مەلاوەیسە و زەمانە زێویە\"یی بە تۆمەتی \"بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان\" و تێکدانی نەزمی گشتیی به میلیۆنێک و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی مەحکووم کردووە.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە کوردە پێشتر لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز هەر بەم تۆمەتە مەحکووم کرابوون و بۆ هەر کامیان ٥٠ قامچی و یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی بڕا بوویەوە.

سزای نەختیی ئەوان لە لایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمی لێدانی ٥٠ قامچی ئەوان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵواسراوەی ماوەتەوە.

ئەو دوو کچە سەقزیە پاش بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان لەلیایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.