دادگای پێداچوونەوە حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی هاووڵاتییەکی کوردی پشتڕاست کردەوە

16:31 - 18 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: حوسەین دانشمەند بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەوە حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی\"حوسێن دانشمەند\" لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە تەیید کرا.

لقی یەکی دادگای شاری سنە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، حوکمی زیندانی کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەی بڕیبوویەوە.

دادگای پێداچوونەوە حوکمی داسەپاو بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی\"چالاکی سیاسی و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" ڕاگەیاندووە.
پێشتریش برایەکی ناوبراو بەناوی حەسەن بەتۆمەتی هاوشێوە سزای زیندانی بۆ بڕایەوە.

حوسێن دانشمەند، پیلەوەر تەمەن ٤١ ساڵ و حەسەن دانشمەند، پزیشک تەمەن ٤٣ ساڵ، لە مانگەکانی خەرمانان و ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شارەکانی مەریوان و تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاری سنە گوێزرانەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە، لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕەشەمە و لە کاتێکدا بۆ ڕۆژی نەورۆز و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان چوو بوونەوە بۆ شاری بانە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاش چەند حەوتوو لێپرسینەوە ئازاد کران.

پاش ئازاد کردنی کاتی ئەو دوو زیندانییە کوردە، جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپاوە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرانەوە.

حەسەن دانشمەند دانیشتووی شاری تاران و پیشەی پزیشکییە و حوسێن دانشمەند بە پیشەی کاسبی کردن لە سنوورەکانی شاری مەریوان و بەردەوام هاتوچۆی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئەگەری زۆرە بە هۆی ئەو هاتوچۆەوە،ئەو تۆمەتیان وەپاڵدابێت.

حوسێن دانشمەند لە کاتی لێپرسینەوە لە قەراگای\"شهرام فر\"ی سپای پاسدارانی شاری سنە تووشی خوینڕیژی گورچیلە دەبێت، بەڵام مەئموورانی زیندان لە ڕەوانە کردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن.

ناوبراو بە هۆی تووش بوون بە نەخۆشی گورچیلە لە گەڵ ئازاری زۆر بەرەڕووە و جگە لە حەبی ژانبڕ، لە هەموو ئیمکاناتێکی دەرمانی بێبەریە.