دادگای پێداچوونەوە، حوکمی زیندانییەکی مەسعوود شەمس‌نژادی پشتڕاست کردەوە

20:56 - 3 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: حوکمی زیندانی کرانی مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەری کوردی خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانەوە، پەسند کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەسعوود شەمس نژاد پارێزەری کورد، کە حوکمی ٤ مانگ زیندانیی تعزیری بۆ برایەوە، دادگای پێداچووەنەوەی ئوستان لە ورمێ ئەو حوکمەی وەکوو خۆی بۆ ئەو پارێزەرە کوردە پشتراست کردەوە.

\"20745.jpg\"
حوکمی زیندانی کرانی مەسعوود شەمس‌نژاد پشتڕاست کرا
عوسمان موزەیەن یەکێک لە پارێزەرانی مەسعوود شەمس نژاد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی پەسندکرانی ئەو حوکمە، بە هەواڵنێری کوردپای رایگەیاند: رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی پووشپەڕ لەکاتێکدا بۆ دیتنی پەروەندەکەی شەمس‌نژاد سەردانی دادگام کرد، حوکمەکەی وەکوو خۆی پەسند کرابوو.

موزەیەن گوتیشی، لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستان لە شاری ورمێ، ئەو حکمەی بۆ تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام و وتووێژ و لێدوان بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات، پەسند کردووە.

ئەو پارێزەرە کوردە گوتیشی: ئەو حوکمە لە ئێستادا قەتعی بۆتەوەو قابیلی ئیجرایەو لە ماوەی ٢ هەتا ٣ مانگی دادهاتوودا حوکمەکە لەلایەن لقی ئیجرای ئەحکامی دادگاوە بۆ ئەو پارێزەرە کوردە دەخرێتە بواری جیبەجێ کردنەوە.

\"20747.jpg\"
عوسمان موزەیەن یەکێک لە پارێزەرانی مەسعوود شەمس نژاد
گوتیشی: ئێمە وەکوو پارێزەرانی مەسعوود شەمس‌نژاد سکاڵا بۆ دیوانی باڵای وڵات بەرز دەکەینەوەو تانە لە حوکمەکە دەدەین، هەر چەند ئەم پرۆسەیەش ماوەی ٣ هەتا ٤ مانگ دەخایەنێت.

عوسمان موزەیەن، ساڵح نیکبەخت و عەباس جەماڵی پارێزەریی دۆسیەی مەسعوود شەمس‌نژادیان لە ئەستۆیە.

مەسعوود شەمس‌نژاد، رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ‌وە بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو، دادگایی کراو رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ حوکمی ٤ مانگ زیندنایی تەعزیری بەسەردا سەپا.

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری، بەدانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.