دادگای ورمێ چالاکێکی سیاسیی کوردی بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کرد

20:25 - 8 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردن و سەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر چالاکانی کورد، چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە حوکمی چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قادر شا خەڵکی پیرانشار، کە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ وە بە چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، چەند رۆژ پێش ئێستا دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە شاری ورمێ ئەو حوکمەی بۆ تەئید کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ قادر شا بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو چوار ساڵ زیندانییەی بۆ براوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: قادر شا، رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە دەستبەسەر کراو پاش ٣٧ رۆژ راگیران لە ستادی خەبریی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ورمێ، بە دانانی ١٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دادگای شاری ورمێ ئەو چالاکە سیاسییەی ئاگادار کردۆتەوە، کەلە چەند رۆژی داهاتوودا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگا بناسێنێت.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، سێ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە ناوەکانی \"سیروان حەسەن نژاد، سەید سامان حوسێنی و سیروان نەسروڵڵا زادە\"، هەر کام بە چوار مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد، تاوانی ئەو سێ چالاکە سەردەشتییەی \"چالاکی بە دژی نیزام و تەبلیغات بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" راگەیاندبوو.