دادگای ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی بە سێدارە مەحکووم کرد

19:53 - 14 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارە دانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاو بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ، کە بەتاوانی \"بازرگانی کردن بە مادەدەی هۆشبەر\" دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دادگای ئەو شارە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

کەرەم کەڵەشی کوڕی عەلی تەمەن ٤٥ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی \"سپا\"ی شاری ورمێ بوو، کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژانی رابردووداو لە ئەنجامی پلانی هێزە ئیئتلاعاتییەکاندا، حوکمی سێدارەی بۆ براوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد؛ مەئموورانی ئیتلاعات، کە بە بەردەوامی سەرقاڵی کرین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەکانن و لە کاتێکدا ٦ کیلۆ ماددەی هۆشبەریان بەو هاووڵاتییە داوە بۆیان بگوازیتەوە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراوە لە ناوچە کوردنشینەکان لە نێو هاووڵاتییان بەتایبەت لاواندا بڵاوی دەکەنەوە.

دەگوترێت؛ کەرەم کەڵەشی خێزاندار و باوکی ٦ منداڵە، کە لەلایەن ئەو هێزانەوە بە پێشنیار کردنی پارەیەکی زۆر فریو دراوە.