دادگای مەهاباد هاووڵاتییەکی کوردی بە ٤٢ مانگ زیندانی مەحکووم کرد

13:15 - 23 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جەمشید گوڵئەندامی تەمەن ٤١ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی \"فەجر\"ی شاری مەهاباد، بە تۆمەتی \"تێکدانی ئەمنیەتی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری حوکم درا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەمشید گوڵئەندامی لە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەگەڵ بەسیجێکی سوپای پاسداران بەناوی \"س، ع، ئ\" بە کێشە هاتووەو بەوهۆیەوە و لە ئەنجامی تەقەی ئەو بەسیجییەدا بە توندی بریندار بووەو پاشان لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، ئەو بەسیجییە، هاوڕێ لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران لەناو شاری مەهاباد لە حاڵی گەشت لێدان و گەڕاندا بوون، کاتێک تووشی جەمشید گوڵئەندامی بوون، شەڕیان پێ فرۆشتووە و بە زەبری چەکیش برینداریان کردووە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، جەمشید گوڵئەندامی، بەهۆی ئەوەیکە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە، ئەو ئەندامانەی سوپای پاسداران شەڕیان پێ فرۆشتووە.