دادگای مەریوان حوکمی ١ ساڵ زیندانیی بۆ دانا لەنجاوایی بڕییەوە

14:45 - 3 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دانا لەنجاوایی چالاکێکی خویندکاری کورد و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، پاش چوار مانگ راگیران لەزیندان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی ١ی جۆزەردان دانا لەنجاوایی بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی نیزام حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزری بۆ بڕایەوە و حوکمەکە هەر ئەو رۆژە بە پارێزەرەکەی راگەیاندراوە.

هەروەها دەگوترێت، دانا لەنجاوایی بە \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" و هەروەها بە \"تێکدانی نەزمی گشتی\" تۆمەتبار کراوە و بڕیارە دادگا لە ماوەی داهاتوودا بە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتی\" دادگایی بکرێت.

\"20110.jpg\"
دانا لەنجاوایی بە \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" و هەروەها بە \"تێکدانی نەزمی گشتی\" تۆمەتبار کراوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دانا لەنجاوایی ١٩ی خاکەلێوە بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی و بە سەرۆکایەتیی داداوەر (لوتفی) بە تۆمەتی \"چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام\" دادگایی کراوە.

دانا لەنجاوایی رێکەوتی ٥ی رێبەندان لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراو پاش یەک مانگ راگیران لە ئیتلاعاتی سنە، رێکەوتی ٧ی رەشەمە بۆ زیندانی شاری مەریوان گوازرایەوە.

دانا لەنجاوایی پێشتریش لە ساڵی ٨٩دا بە هۆی ناڕەزایەتیی خوێندکاران بە سزای سێدارەی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کرا و لە دادگای مەریواندا بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوبۆ ماوەی ٥ ساڵ سزا درا، کە پێدەچێت ئەو حوکمە لە ئەگەری پشتراست کردنەوەدا ببێتە دوو ساڵ.

دوابەدوای دەستبەسەر کرانی دانا لەنجاوایی، شەپۆلێکی بەرینی بانگهێشت و لێپرسینەوە لە چالاکانی خوێندکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستی پێکرد و لەو پەیوەندییەدا چەندین چالاکی مەدەنی و خوێندکاریی کورد بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.

هەروەها رێکەوتی ٨ی رێبەندان سێ چالاکی خوێندکاریی زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان بەناوەکانی \"دانا ئه‌مینی خوێندکاری زانسته‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، سۆران ڕاوش خویندکاری بەشی کشتوکاڵ و مه‌یسه‌م جه‌وانمیری خوێندکاری رشتەی زانسته‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان\" لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کران.

دەگوترێت، ئەو چالاکە خوێندکارییانە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی شاری مەریوان دژ بە لەسێدارەدانی (شێرکۆ مەعارفی، حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور و ئیسماعیل مامەدی)، بەرەوڕووی فشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بوونەتەوە.