دادگای شاری دێزفوول حەوت چالاکی مەدەنیی بانگهشت کرد

16:19 - 7 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە بەرەبەری ١ی مانگی مەی ڕۆژی کڕیکارانی جیهاندا، ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری لە پارێزگاکانی کوردستان و خوزستان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ئینقلاب کراون.


بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، چەند ڕۆژ پێش ٧ چالاکی کرێکاری، کە دوو کەسیان چالاکی بواری مافی ژنان بوون، لە ڕێگەی کورتە نامەوە بانگهێشتی دادگای شاری دێزفوول کراون.

شوناسی ئەو حەوت چالاکە کرێکارییە بە ناوەکانی، \"عەلی نەجاتی، عیزەت جەعفەری، شاپوور ڕشنۆ، عەلی محەممەد جەناهگیری، شاکری، ئەشرەف ڕەحیم خانی و زەینەب کیشوەری\" ڕاگەیەنراوە.

عەلی نەجاتی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی \"کارگران نیشکر حەفت تپە\"ی شاری ئەهواز بووە.

هەروەها ئەشرەف ڕەحیم خانی و زەینەب کیشوری لە ئەندامانی چالاکی بواری ژنان بوون.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکان بۆ ئەو حەوت چالاکە کرێکاریی و مافی ژنانە، \"پڕوپاگەندە دژی نیزام \" ڕاگەیەنراوە.

ئەو حەوت چالاکە دەبێ ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ خۆیان بە دادگای ئینقلابی شاری دێزفوول بناسینن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە چەند چالاکێکی کرێکاریان بە بیانووی بەڕێوەچوونی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کردبوو.