دادگای رۆحانییەتی تەورێز مامۆستایەکی ئایینیی کوردی رەوانەی زیندان کرد

21:21 - 5 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دادگای تایبەتیی رۆحانییەتی شاری تەورێز، مامۆستایەکی ئایینیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا مامۆستا سەلام گوڵنەواز مامۆستای ئایینیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن دادگای رۆحانییەتی شاری تەورێزەوە بە بیانووی پێدانەوەی حوکمی هەڵوەشانەوەی زینداییەکەی و گۆڕدرانی بۆ سزای نەختی بانگهێشت کرابوو، بە بڕیاری دادوەری ئەو دادگایە دەستبەسەر کرا.

\"20785.jpg\"
مامۆستا سەلام گوڵنەواز دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی تەورێز کرا
یەکێک لە نزیکانی ئەو مامۆستا کوردە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: رۆژی چوارشەممە دادگای رۆحانییەتی تەورێز لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مامۆستا سەلامیان ئاگادار کردبوویەوە، کە حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیرییەکەت بووە بە سزای نەغدی، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە کاتێک سەردانی دادگای کردووە، بە بریاری دادوەر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی تەورێز کراوە.

مامۆستا سەلام گوڵنەواز، پێشنوێژی مزگەوتی شیوەبرایمەی شاری سەردەشت، رێکەوتی ٤ی خەرمانانی ساڵی رابردوو، لەلایەن دادگای رۆحانییەتی شاری تەورێزەوە بە تۆمەتی (هەوڵدان بەدژی نیزام، پێکهێنانی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان شیعە و سوننی‌و تەبلیغات بۆ یەکێک لەحیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی) حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕابوویەوەو هەروەها پۆشینی جلوبەرگی ئایینیی لێ قەدەغە کرابوو.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، مامۆستا سەلام گوڵنەواز ماوەی ٢٠ ساڵە لە ژێر فشاری دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە و دەیان جار بەرەوڕووی بانگهێشت و لێپرسینەوەی ئەو هێزانە بۆتەوە.

دادگای رۆحانییەت لە وڵاتی ئێران، کە دادوەرەکانی لە مەلای شێعە پێکهاتوون، راستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی \'\'خامنەیی\'\'دا بەڕێوەدەچێت و مامۆستا سەلام گوڵنەواز لەرەوتی دادگایی کردنەکەیدا بەهۆی یاسای تایبەتیی ئەو دادگایەوە، لە مافی پارێزەر بێبەری بووەو بە تەنیا بەرگری لەخۆی کردووە.