دادگای بۆکان سزای سێدارەی بۆ لاوێکی کورد دەرکرد

20:34 - 17 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد کە لەکاتی مێرمنداڵیدا تووشی قەتڵ ببوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەممەی حەوتووی ڕابردوو دادگای شۆڕشی بۆکان سزای ئێعدامی \"ئاسۆ سوهرابی\" کوڕی \"ئەبووبەکر\"ی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند.

ئاسۆ ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی کاتێک تەمەنی لەژێرەوەی ١٧ ساڵ بوو، بە کوشتنی هاووڵاتییەکی بۆکانی تۆمەتبار کرا.

دەرکردنی حوکمی قیساس بۆ ئەو لاوە کوردە لەکاتێکدایە کە تەمەنی سزای جەزایی منداڵان بۆ کوڕان ١٥ ساڵ و بۆ کچانیش ٩ ساڵ دیاری کراوە.

کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ، ئێعدامی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە بۆکانەوە هاتووە، ماوەیەک پێش ئێستاش، \"سیروان بەخشوودە\" کوڕی \"محەممەدڕەحیم\" بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو لەکاتی دەستبەسەر کران‏دا، تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی شاری بۆکان ڕاگیراوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش لاوێکی کرماشانی بەناوی \"میلاد عەزیمی\" لەلایەن دەزگای قەزاییەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا کە دژکردەوەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بەدواوە بوو.

ئەو ڕێکخراوە داکۆکیکارەی مافی مرۆڤ، لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاند \"میلاد عەزیمی لە دادگایەکی\"زۆر نادادپەروەرانە\" و بە \"پشتبەستن بە دانپێدانانەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا\" سزای زیندانی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بلاو بوونەتەوە، لانیکەم ٤ زیندانیی کورد کە لە تەمەنی مێرمنداڵی و ژێر ١٨ ساڵیدا دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، لە زیندانی شاری سنە ڕاگیراون.

دەگوترێت عەرەبستان، پاکستان، سودان و ئێران تەنیا وڵاتانێکن کە هێشتاش سزای سێدارەی منداڵان تیایاندا بەڕێوە دەچێت.