دادگایی کردنی دەستبڕی میلیاردی گڵێم و گەبە لە شاری کرماشان بەڕێوە چوو

14:42 - 24 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە شاری کرماشان باسی لە یەکەم دادگایی کردنی دەستبڕێکی میلیاردی لەو شارە کرد.

هەواڵدەریی \"مێهر\" کرماشان لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرپرسی گشتیی دادگوستەری ئەو شارە بڵاوی کردەوە، کە ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم دادگایی کردنی کەسی دەستبڕی تۆمەتباری میلیاردیی گڵێم و گەبەی ئەو شارە بەڕێوە دەچێت.

لە دۆسییەی گەندەڵیی میلیاردی نووسینگەی گڵێم و گەبەی کرماشان، یازدە هەزار و ٣٦٣ کەس وەکوو \"ماڵخوراو\" لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە.

محەممەدڕەزا عەداڵەتخا ڕایگەیاند: تۆمەتی ئەو کەسە لە دادگایی کردنیدا، تێکدانی تەکووزی لە نیزامی ئابووریی ئێران و وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لە خەڵکە، کە دەستی بە تەخشان و پەخشان کردنی ئەو پارەیە کردووە.

بەرپرسی گشتیی دادگوستەری پارێزگای کرماشان، تۆمەتی کەسی دەستبڕی بە بڕی ٢٣٨ میلیارد و ٣٢٦ میلیۆن تمەن و هەروەها سپی کردنەوەی پارە ڕاگەیاندووە.

هەرچەند محەممەدڕەزا عەداڵەتخا، شوناسی کەسی دەستبڕی ڕانەگەیاندووە، بەڵام پێشتر ئاژانسی کوردپا، کەسی تۆمەتباری بە ناسنامەی موحەممەدڕەزا موشیری، کە ساڵی ٩١ی هەتاوی بە مۆڵەتی فەرمیی ئیدارەی پیشەسازی و کانگاکانی کرماشان دەستی بە چالاکی لە بواری بەرهەمهێنانی فەرش و گڵێمدا کردووە، بڵاوکردۆتەوە.