دادگایی کرانی ٨ چالاکی فەرهەنگی و سیاسیی شاری پاوە

13:30 - 6 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ٨ کەس لە چالاکانی کوردی خەڵکی شاری پاوەی سەربە ئوستانی کرماشان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە دادگایی کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەز، ٨ چالاکی فەرهەنگی و سیاسیی کوردی خەڵکی شاری پاوە کە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون، بۆ دوومین جار بەرەوڕووی دادگا بوونەوە.

ناوی ئەو ٨ کەسە \" موعتەسەم شافیعی، قانع حاتەمی، محەممەد نیگاری، بابەک عەباسی، جەهانبەخش ئەحمەدی، گۆران مەحموودی، ئاراس حاتەمی و پیدرام قادریان\" راگەیەندراوە کە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بۆ زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان راگوێزران و دواتریش بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێــری کوردپای راگەیاند؛ ئەو ٨ چالاکە کوردە کە بە تاوانی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داگایی کراون، بڕیارە دادگای ئینقلابی شاری پاوە لە ماوەی یەک حەفتەی داهاتوودا حوکمەکەیان پێ رابگەیەنێت.

ئەو چالاکانە لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کران کە لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا ٢٢ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی کورد لە شاری پاوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوونەوە.