دادسەرای ئینقلابی شاری سەقز حوکمی زیندانی بۆ چالاکی مەدەنیی بڕیەوە

21:38 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای ئینقلابی شاری سەقز، حوکمی زیندانی کردنی بۆ دوو چالاکی مەدەنی بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، بە ناوەکانی \"نادر و شەهرام مەجیدیان\" لە لایەن دادسەرای ئینقلابی ئەو شارە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی \"فاتح دۆنداوی\"، \"بێهروز ڕیشە‌ساحێب\"،\"محەممەد شەمسی\" و \"سامان پاشایی\" دادگایی کران و ئەم چوار کەسە لە لایەن دادسەراوە بێ تاوان ناسراون.

سەرچاوەیەکی ئاکادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"بۆ هەر کام لە نادر و شارام مەجیدیان، ٦مانگ زیندانی تەعزیری بڕدراوتەوە و ئەو حوکمەش ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، بەو دوو برایە ڕاگەیەندراوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دادسەرای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو دوو چالاکە مەدەنییەی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، \"ئەندامبوون لە گرووپە دژەبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردووە و یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری بە سەر ئەواندا سەپاندووە.