دادستانی کرماشان دژایەتیی لەگەڵ نەشتەرگەریی چاوی زەینەب جەلالیان کرد

15:54 - 5 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: زەینەب جەلالیان ژنە زیندانیی سیاسیی کورد، کە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان لە دەستبەسەری‌دایە، چاوێکی تووشی نەخۆشیی \"ناخنک\" بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا زەینەب جەلالیان ژنە زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی کرماشان تووشی نەخۆشیی چاو بووەو تارمایی بەسەر چاوی کشاوە. دادستانی گشتیی کرماشان لەگەڵ نەشتەرگەریی ناوبراو بە مەبەستی چارەسەری، دژایەتیی کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ زەینەب جەلایان لە سپێنەی چاوەیدا تیکە گۆشتێک هەڵی‌داوە و لە ئەگەری زیادبوونی ئەو تیکە گۆشتە گلێنەی چاوی دادەپۆشیت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لەدەست چوونی بینایی چاوی.

\"20161.jpg\"
زەینەب جەلالیان ژنە زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان
سەرچاوەکە گوتیشی: پزیشکانی نیو زیندان، هەڵدانی ئەو تیکە گۆشتەیان بە نەخۆشیی \"ناخنک\" لە قەڵەم داوەو رایانگەیاندووە کە لە رێگەی نەشتەرگەری و هەروەها بەکارێهنانی بەردەوامی \"ئیستریلی خاوێن کردنەوە\"وە دەرمان دەکرێت، کە دادستان لەگەڵ نەشتەرگەریی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دژایەتی کردووە.

ئەوەشی خستەروو، کە هەتا ئێستا بەرپرسانی دەزگای قەزایی باسیان لە هۆکاری دژایەتی کردن لەگەڵ نەشتەرگەریی زەینەب جەلایان نەکردووە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ لە کرماشان دەستبەسەر کراو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوەو دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدراو لە ماوەی حەوت ساڵ دەستبەسەربوونی‌دا جگە لە فشاری دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر ئەو ژنە زیندانییە، ناوبراو تووشی چەندین نەخۆشیی بووەو لەو ماوەیەدا لە مافی مەرەخەسیش بێبەش بووە.