دادستانی سەقز حوکمی وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دەرکرد

15:03 - 29 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادستانی شاری سەقز حوکمی وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێرانی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، \"جیهانی\" دادستانی شاری سەقز حوکمی وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی ئەندامانی پێشووی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێرانی دەرکرد و ئەو کەسانەش لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بەپێی بڕیارێک کە لە لایەن دادستانی شاری سەقزەوە دراوە، تەواوی ئەو کەسانە کە لە ڕیزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون دابوون و بە جێیان هێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئێران، پاش لێکۆڵینەوە لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە دەبێ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد بکرێن.

دادستانی شاری سەقز، ئەم حوکمەی پاش چالاکی بەرچاوی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون لە کوردستانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، دەرکردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعات لە شارەکانی کوردستان بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێرانی بانگهێشت و پاش لێپرسینەوە، هەڕەشەی لەوان کردووە لە ئەگەری پەیوەندیی گرتن لە گەڵ کوڕەکانیان لەگەڵ کێشەی قورسی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.