داخوازیی ناودێر كردنی رۆژی مافی مرۆڤی كوردستان

15:26 - 20 خاکەلێوه 2712
كوردپا: رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بە بۆنەی هەشتەمین ساڵرۆِژی دامەزرانی ئەو رێكخراوە، داوای لە سەرجەم خەڵك كردووە هەتا رۆژی 21ی خاكەلێوە وەك \"رۆژی مافی مرۆڤی كوردستان\" ناودێر بكەن.

دەقی ئەم داخوازییە كە نوسخەیەكی بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:
21ی خاكەلێوە (9ی ئاوریل) وەك \"رۆژی مافی مرۆڤی كوردستان\" ناودێر بكەین
بە بۆنەی هەشتەمین ساڵی دەسپێكی چالاكی
دەبیرخانەی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان
لە ماوەی حەفتەكانی رابردوودا محەممەد سدیق كەبوودوەند چەندین پەیامی بە بۆنەی رۆژەكانی 8 مارس رۆژی جیهانیی ژن، 15ی مارس رۆژی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە و پیرۆزبایی جێژنی نەورۆز و دەیەمی خاكەلێوە 65مین ساڵرۆژی ئیعدامی قازی محەممەد بڵاو كردبۆوە كە بەداخەوە ئەو پەیامانە هەتا ئێستا بەدەستی بنەماڵەی ناوبراو نەگەیشتووە، هەر بەم بۆنەوە پەیامی ساڵی پێشووی ناوبراو بە بۆنەی \"رۆژی مافی مرۆڤی كوردستان\" دووبارە بڵاو دەكەینەوە هەتا دیسان وەبیرهێنەرەوەی داخوازی ساڵی پێشووی ناوبراو بین.

9ی ئاوریل وەك رۆژی مافی مرۆڤی كوردستان ناودێر بكەین
ناوەندی راگەیاندنی بنەماڵەی كەبوودوەند:
محەممەد سدیق كەبوودوەند، دامەزرێنەری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بە بۆنەی 9ی ئاوریل پەیامێكی نارد كە دەقەكەی لێرەدا دەخرێتە روو:

محەممەد سدیق كەبوودوەن:\" سەرەتا 9ی ئاوریل رۆژی دامەزرانی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، بە خەڵكی كوردستان، ئێران و ناوچە و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەم رێكخراوە پیرۆزبایی دەڵێین، لەم رۆژەدا حەوتەمین ساڵی چالاكیی خۆی دەست پێدەكاتەوە و هیوادارین لەمەوبەردواش ئامانجی گرینگتر رەچاو بكات:

ـ هەوڵدان بۆ پەرە و جێگیر كردنی دێمۆكراسی زامنی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە ناوچە


ـ هەوڵدان لەپێناو سەقامیگر كردنی ئاشتی لە ناوچە و سڕینەوە و بنبڕ كردنی توندوتیژی


ـ هەوڵدان بۆ سەقامگیر كردنی پشتیوانی بە مەبەستی دابین كردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و كوردستان

ـ هەوڵدان بۆ دەستەبەر كردنی مافی رەوا و دیاری كردنی چارەنووسی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان و مافی یەكسان لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە ناوچە

ـ دیفاع و پشتیوانی لە یەكسانیی ژنان و پیاوان و دەستەبەر كردنی هەموو مافە ئینسانییەكانی ژنان لە كوردستان، لە ئێران و وڵاتانی ناوچە

ـ دیفاع لە بیرۆكەی سڕینەوەی ئیعدام و هەوڵدان بۆ بە كردەیی كردنی لە ئێران و كوردستان و وڵاتانی ناوچە

ـ بەرگری و پشتیوانی لە مافی كەمینە نەتەوەیی، قەومی، نژادی، مەزهەبی، دینی، بیروباوەڕ و رەگەزی و خاوەندارێتی لە مافی یەكسان


ـ پشتیوانی لە ماف و ئازادییە سەرەكی و بناغەییەكان و ئاسایشی مرۆیی هەموو خەڵكی ناوچە، بەشێك لەو ئامانجانە.


لە كۆتاییدا داوا لە خەڵكی كوردستان و هەموو حیزب و گرووپە سیاسی و مەدەنییەكان داوا دەكەین لەناودێر كردنی 9ی ئاوریل وە رۆژی مافی مرۆڤی كوردستان، یان حەفتەیەك بەم ناوەوە پشتیوانی بكەن و بەرنامەی بۆ رێك بخەن.
بە هیوای رزگاریی هەموو خەڵكی كورد و خەڵكی ئێران و ناوچە لە ترس و دابین بوونی نیازەەكانیان.