داخوازیی \"ئازادیی بێمەرجی\" زیندانییەکی سیاسیی کورد ڕەت کرایەوە

14:52 - 2 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئیران، داخوازیی \"ئازادیی بێمەرجی\"، زیندانییەکی سیاسیی کوردی، لە زیندانی بیرجەند ڕەت کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، بۆ سێهەمین جار لەسەر یەک داخوازیی \"ئازادیی بێمەرجی\" محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی\"، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان لە زیندانی شاری بیرجەند ڕەت کردەوە.

ئەو زیندانییە لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: \"بەپێی مادەی ٥٨ی ئازادیی بێمەرج، داخوازیی ئازادکردنم کردبوو، بەڵام دادگای بیرجەند بەو هۆکارە کە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی من تایبەت بە سزایەکی دیاریکراوە، منی لە مافی ئازادیی بێمەرج بێبەری کردووە\".

ئەو زیندانییە سیاسییە وتی: \"لە ماوەی ساڵانی ٩٣ و ٩٤دا، کاتێ لە زیندانی شاری تەبەس بووم لەگەڵ ئازادیی بێمەرجی من دژایەتی کرا\".

محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی پێداگریی لەسەر ئەوە کرد، \"کە لە ئەگەری وڵامنەدانەوەی دادگای بیرجەند و دژایەتیکردن لەگەڵ داواکارییەکەم دەست دەدەمە مانگرتن لە خواردن\".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەروەها خوازیاری گواستنەوەی بۆ زیندانەکانی بۆکان یان شاری مەهاباد بووە.

٣ی خەرمانانی ئەمساڵ، محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی لە لایەن لقی ١٠٤ دادگای گشتیی بیرجەندەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر موجتەبا بە لێدانی ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاییزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران \"بە ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی \"تەبەس\" مەحکووم کرا.

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی سەرەڕای تێپەڕاندنی نیوەی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان، هەروەها لە مافی ئازادی ڕەوا بێبەری بووە.