داخرانی یەك لە دوای یەكی ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەكان لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران

19:58 - 20 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دوو ماڵپەڕ و هەواڵدەریی سەربەخۆ لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی كاریگەریی گەمارۆكان و رەوشی خراپی ئابووریی ئێران داخران.

بەپێی دوایین هەواڵ و زانیارییە ناوچەییەكان لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دوو ماڵپەریِ \"بنكەی خەبەری شرۆڤەیی كرماشان پۆست و كۆمەكاڵ\" دوو ماڵپەڕی سەربەخۆ و غەیرە حكوومەتی لە شارەكانی كرماشان و پاوە بەهۆی كاریگەریی گەمارۆكان و بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێران و ناكۆكیی نێوان باڵە سیاسییەكانی حكوومەت داخراون.

بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی كرماشان پۆست لە پەیجی فەیسبۆكی كرماشان پۆستدا هۆكاری داخرانەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ كاریگەریی گەمارۆكانی ئەمرێكا لەسەر ئێران و نووسیویە: \"بەپێی یاساكانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریكا هەرچەشنە بازرگانی و خزمەتگوزارییەك لەگەڵ وڵاتانی كووبا، ئێران و كورەی باكوور، میانمار، سوودان و سووریە قەدەغە كراوە، چەنكە پشتیوانیی ماڵی ماڵپەڕی \"كرماشان پۆست\"یش شیركەتێكە بەناوی \"Bluehost\" و لە ئەمریكایە كەوتۆتە ناو ئەو لیستەوە و سەرچاوەی ئابووریی كرماشان پۆست بڕاوە و ئەمەش بۆتە هۆی داخرانی\".

ماڵپەڕی خەبەری، شرۆڤەیی \"كۆمەكاڵ\"یش كە سەربەخۆ و غەیرە دەوڵەتییە كە هەواڵ، رووداو و بەتایبەت چالاكییە فەرهەنگییەكانی شاری پاوە و دەورووبەر و بەگشتی ناوچەكانی هەورامانی رووماڵ دەكرد، لە رۆژانی رابردوودا داخراوە و ئەمە بۆ دووەمین جارە كە ماڵپەڕی كۆمەكاڵ دادەخرێت.

بەپێی هێندێ‌ سەرچاوەی ناوچەیی هۆكاری داخرانی ماڵپەڕی \"كۆمەكاڵ\" دەگەڕێننەوە بۆ كێشە و ناكۆكیی نێوان جیناح و باڵەكانی نێو دەسەڵاتی ئێران كەلە ناوچەكەش نفووزیان هەیە.

لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەت بۆ سەر ماڵپەڕی \"خەبەری شرۆڤەیی سەرچاوە\" لە شاری سەردەشت چەند جارێك كار و چالاكییەكانی راگیرا و هەر بەم هۆیەوە بەڕێوەبەری ئەو ماڵپەڕەش بە ناچاری وڵاتی بەجێهشێت.