داخرانی بازاڕچەی سنووریی ماکۆ، بێکاری دەیان کەسی لێکەوتەوە

15:06 - 11 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بازارچەی سنووریی هاوبەشی \"ساری سوو\"ی ماکۆ بەهۆی کاری بینا سازی لەلایەنی تورکیەوە، بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

رۆژی رابردوو فەرمانداری شاری ماکۆ سەربارەت بە داخرانی بازاڕچەی هاوبەشی نێوان تورکیە و ئێران، رایگەیاند: هەتا ئێستا لایەنی تورکیە هۆکارێکی تایبەتییان بۆ داخرانی ئەو بازاڕچەیە نەخستۆتە ڕوو.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"حەمید ئەحمەدیان\"ـەوە بڵاوی کردەوە، \"ئێمە چەندین جار داوامان لە لایەنی تورکیە بۆ بەردەوامیی ئاڵوێری بازرگانی لە کاتی دروست کردنی پرۆژەی بیناسازیدا کردووە، بەڵام بەرپرسانی تورکیەیی هەتا ئێستا وەڵامی نەرێنییان پێ نەداوینەتەوە.

لێدوانی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، دەرخەری قەیراناوی بوونی دۆخی هەنووکەیی ئەو بازاڕچەیە و هەروەها رادەست کردنی ئەو مەسەلەیە بۆ ئوستانداری و وەزارەتی دەرەوەیە.

بازاڕچەی سنووریی \"ساری سوو\" یەکێک لە چالاکترین بازاڕچە سنوورییەکانی نێوان وڵاتی تورکیە و ئێرانە، کە بە داخرانی ئەو بازاڕچەیە دەیان هاووڵاتی لە شاری ماکۆ بێکار دەبن.

لە بازاڕچەی سنووریی \"ساری سوو\"ی شاری ماکۆ، ٢٠ تەعاونی بە ٥٠٠٠ کەس ئەندام و ٦٣ سەرگروپ بە نوێنەرایەتیی ١٤٦٢ کەس سەرقاڵی کار کردن بوون.

بازاڕچەی \"ساری سوو\"ی نێوان وڵاتانی ئێران و تورکیە، ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی دەستی بە کار کردووە.