خەڵکی کوردستان لە ترسی ڕووخانی حکوومەت پارەکانیان لە بانکەکان دەردەهێنن

14:51 - 13 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارەکانی ئێران و کوردستان لە چەند ڕۆژی رابردوودا، هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ترسی ڕووخانی حکوومەت ویشکەپارەکانیان لە بانکەکان دەردەهێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییانی شارەکانی بانە، سەردەشت و پیرانشار لە ترسی ڕووخانی حکوومەتی ئێران، ویشکەپارەکانیان لە بانکەکانی ئەو سێ شارەدا وەرگرتووەتەوە.

هاووڵاتییەک لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی ڕابردوو پێویستم بە پارە هەبوو و لە کاتی سەردانی بانک لە شاری سەردەشت، فەرمانبەران ڕایانگەیاندووە کە خەڵک لە بانک پارەکانیان بردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بۆ خۆم بۆ کڕینی دۆلار پێویستم بە پارە هەبوو، کە پێیان ڕاگەیاندووم، کارت بە کارت نابێت؛ هەروەها دەڵێت: هیچ کەس کارت بە کارت قەبووڵ ناکات، تەنانەت لەگەڵ بانکەکانی شاری بانە و پیرانشاریش پەیوەندیی گرتووووە، ئەوانیش هەمان قسەیان دووپات کردووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە هاووڵاتییەک پێی وتووە، تەنانەت ئەگەر کەسێک یەک میلیۆن تەمەن پارەی لە بانک هەبووە، لە ترسی ڕووخانی حکوومەت بردوویەتەوە.