خەڵاتی ئەمساڵی فێستیڤاڵی "ڤیسۆتێسكی" درا بە شاعیرێكی كورد

20:30 - 3 رەشەمه 2711
كوردپا: \"گوڵالە نووری\" ژنە شاعێری كورد لەلایەن مووزەخانەی فیسۆتێسكی بە بۆنەی وەرگێڕان و هەوڵدان بۆ ناساندنی شاعێری ناسراوەی رووس، خەڵاتی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی \"ڤلادیمێر سیمونوڤیچ ڤیسۆتێسكی\" پێ بەخشرا.

هەواڵدەریی كوردپرێس بڵاوی كردەوە، لەو فێستیڤالەدا‌ كەلە شاری كۆزالینی لێهێستان بەڕێوە ‌چوو \"گوڵاڵە نووری\" بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی شاعێری رووس بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی و دانانی پێشەكیی توێژەرانە و ناساندنكاری سەركەوتوو لە دووتوێی وەرگێرانەكەی لەلایەن بەرپرسانی مۆزەخانەی ڤیسۆتێسكی وەك سەركەوتووترین چالاكی بۆ ناساندنی ئەدەبی وڵاتان بە یەكتری هەڵبژێردرا.

ئەو سەرچاویەە ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم شاعیرە دوای خوێندنەوەی وتارەكەی بە زمانی ئینگلیزی سەبارەت بە شاعیری رووسی و پێشكەش كردنی چەند كۆپلە شیعری وەرگێڕاوی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی، سپاسی بەرێوەبەرانی ئەم فێستیڤاڵەی كرد كەلە رێگای نرخاندنی وەرگێڕانەكەیەوە، هەوڵی ئەویان قەرەبوو كردۆتەوە.

گوڵاڵە نووری لە دایك بووی شاری كەركووكە و دوكتورای زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و راگەیاندنی لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە و تا ئێستا چەند بەرهەمی شیعری و توێژینەوە و بەراوەردكاری لە نێوان ئەدەبی كوردی و گەلانی دیكەی بڵاو كردۆتەوە، كە دەكرێت ئاماژە كۆمەڵە شیعرەكانی \"كاتێك دۆلفین دەخەوێ\"، \"ئەم ژاوە ژاوە تایبەت نییە بە تۆ\"، \"بەراوەردی شیعری جەنگی ئەمریكایی لەگەڵ شیعری جەنگی كوردی\" (تێزی ما‌ستێر) و \"وەرگێڕانی شیعرەكانی ڤیسۆتێسكی لە ساڵی 2011 بە كوردی و عەرەبی\" بكەین.