خەمی نان و گیان لە دەستدانی کۆڵبەران کۆتایی نایە

15:15 - 12 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سلماس، کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی لێ كەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی دیکە کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەڵماس لە سنووری ئەو شارە، بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکان گیانی لە دەست دا.

شوناس و ناونیشانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە \"سڵێمان بادۆشێوە\"، خێزاندار و کوڕی عیسا، خەڵکی گوندی \"دەرگە\"ی بەخشی کۆساری شاری سەڵماس ڕاگەیەندراوە.

\"\"سڵێمان بادۆشێوە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سنوورپارێزەکان، لە نزیک گوندی \"شناتاڵ\" تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کردووە و لە ئاکامدا، ئەو کۆڵبەر کوردە گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە سنوورەپاریزەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللـە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان لە سنووری شاری چاڵدێران دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"بێهزاد خەلیلی حەیدەرانلوو\"، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \'عیسا کۆلیک\"، کوڕی حەیدەر و \"جەعفەر دەلایی میلان\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، کوڕی نەبی بە سەختی بریندار بوون.

پێشتر محەمەدساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، لە لایەن ناوەندە قەزایییەکانەوە بە شێوەی ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرەئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون، بۆیە هیچکام لە بکوژانی کۆڵبەران بەرەوڕووی سزا نەبوونەتەوە.