خەلیل بەهرامیان: جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدامی شێركۆ مەعارفی بە دوور لە چاوەڕوانی نیە

15:28 - 9 خاکەلێوه 2712
كوردپا: پارێزەری شێركۆ مەعارفی زیندانیی سیاسیی كورد رایگەیاند، جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدامی \"موكل\"ـەكەم بە دوور لە چاوەڕوانی نیە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا: بەهرامیان پارێزەری دادگوستەری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەبارەی كاتی جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدامی شێركۆ مەعارفی وتی: \"هەتا ئێستا هیچ هەواڵ و ئاگادارییەك بە دەستی من نەگەیشتووە، بەڵام بەهۆی تەئیدی حوكمی ئیعدامەكە، جێبەجێ‌ كردنی بە دوور لە چاوەڕوانی نیە\".

\"2638.jpg\"

پارێزەری شێركۆ لە درێژەدا وتیشی: رێكەوتی جێبەجێ‌ كردنی ئەم چەشنە حوكمانە بە پارێزەر ناوترێ‌، بەڵكوو تەنیا بە كەسی زیندانیی رادەگەیەنرێ‌، بەهرامیان ئەو رەوتەی بە پێچەوانەی یاسا وەسف كرد و وتی: بەپێی یاسا ئەو حوكمانە دەبێ‌ بە پارێزەرەكەش رابگەیەنرێ‌، بەڵام هەتا ئێستا ئەو كارە نەكراوە.

\"2637.jpg\"
هەتا ئێستا و لە چەندین وڵاتی ئورووپایی لایەنگرانی مافی مرۆڤ چەند كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان بۆ راگرتنی ئیعدامی زیندانیانی سیاسیی كورد وەڕێخستووە

شێركۆ مەعارفی تەمەن 31 ساڵ و خەڵكی شاری بانە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە تاوانی \"محارب\" حوكمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە كوردە بە ناردنی نامەیەكەی سەر ئاووەڵا بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئیعدامی كوڕەكەیان بوون.
\"2635.jpg\"
لە سەرتای شۆڕشی 1357ی ئێرانەوە هەتا ئێستا بە شێوەی هاوبەش هاووڵاتییانی كورد بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبەكانی دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئیعدام دەكرێن


شێركۆ مەعارفی لە رێكەوتی 10‌ی خەزەڵوەری ساڵی 1387 بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و لەو كاتەوە هەتا ئێستا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی شاری سەقز دایە.

\"2636.jpg\"


لە حاڵی حازردا چەندین زیندانی سیاسیی كوردی دیكە كە حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە، چاوەرۆانی جێبەجێ‌ كردنی حوكمەكانیان دان.